سه‌رۆك ئه‌ركانی سوپای توركیا چۆنیه‌تی ده‌ستبه‌سه‌ر كردنی ده‌گێڕێته‌وه
K24 - هه‌ولێر:
خه‌ڵوسی ئاكار، سه‌رۆك ئه‌ركانی سوپای توركیا، باس له كاتی ده‌ستگیركردنی ده‌كات، له‌لایه‌ن "كوده‌تاچییه‌كان"ه‌وه و ده‌ڵێت: "هه‌ندێكیان كه‌سانی نزیكی خۆم بوون".
به گوێره‌ی راپۆرتێكی ته‌له‌ڤزیۆنی "CNN Turk"، سه‌رۆك ئه‌ركانی سوپا، له‌كاتی دانیشتنی له په‌ره‌لمانی توركیا، ته‌واوی ورده‌كارییه‌كانی ساته‌وه‌ختی ده‌ستگیركردنی ئاشكراكردووه، كه تێیدا هه‌ر یه‌ك له ده‌وڵه‌ت باخچه‌لی و كه‌مال كلیچدارئۆغلو، سه‌رۆكی پارته ئۆپۆزیسیۆنه‌كان ئاماده‌ی بوون.
ئاكار ده‌ڵێت: "كوده‌تاچییه‌كان هه‌وڵیاندا ناچارم بكه‌ن به‌یاننامه‌ی كوده‌تای سه‌ربازی بخوێنمه‌وه و چه‌كییان له‌سه‌ر سه‌رم دانابوو".
هه‌روه‌ها گوتی: "كوده‌تاچییه‌كان پێیان گوتم ئه‌گه‌ر به‌یاننامه‌كه بخوێنمه‌وه، هیچ هه‌ڕه‌شه‌یه‌ك له‌سه‌ر ژیانت نامێنێت".
له باره‌ی مۆرههڵگهڕانی هه‌ندێك شوێنی ملی، سه‌رۆك ئه‌ركان گوتی: "له‌و كاته‌ی ره‌تمكرده‌وه به‌یاننامه‌یه‌كه بخوێنمه‌وه، یه‌كێك له سه‌ربازه كوده‌تاچییه‌كان، په‌تێكی خسته ملم و توندیكرد و هه‌وڵی خنكاندنی منیدا، بۆیه واملێهاتووه".
هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: "سه‌رۆك نووسینگه‌ی خامه‌ی نهێنی و هه‌ندێك به فه‌رمانبه‌رانی نووسینگه‌كه‌م به‌شدارییان له كوده‌تا كرد و هاوكاری كودهتاچییهكانییان ده‌كرد".
گوتیشی: "من و ئه‌وانه‌ی له‌گه‌ڵ من بوون و پاڵپشتی كوده‌تایان نه‌ده‌كرد، ده‌ست و پێیان بهستاینهوه و ئێمه‌یان برده هۆڵی (ئاكنجی) و هه‌ریه‌كه‌یان به ته‌نها له ژوورێك دانا" .
هه‌روه‌ها ئاماژه به‌وه‌ش ده‌كات، له‌ماوه‌ی ئه‌و 10 كاتژمێره‌ی له‌لایه‌ن كوده‌تاچییه‌كانه‌وه ده‌ستبه‌سه‌ركرابوون، ئاو و خواردنییان پێنه‌دراوه و چه‌ند جارێكیش مشت‌ومڕ له‌نێوانییاندا درووستبووه.