بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی دیدار و هەفتەی تەندروستی کوردستانی - ئوردنی بەڕێوەدەچێت
K24 - هەولێر:
بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دیدار و هەفتەی تەندروستی کوردستانی - ئوردنی لە هەولێر بەڕێوەدەچێت.
ئەمڕۆ دووشەممە 12ـی حوزەیرانی 2023، کاتژمێر 12:00ـی نیوەڕۆ بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و د. فیراس ئیبراهیم ئەلهواری، وەزیری تەندروستیی ئوردن؛ دیدار و هەفتەی تەندروستیی کوردستانی - ئوردنی لە هەولێر بەڕێوەدەچێت.
لەو دیدارەدا کە بە گوێرەی راگەیەندراوێکی وەزارەتی تەندروستی، گەورەترین بۆنەی تەندروستی ساڵ دادەنرێت، د. سالح ئەلحەسناوی، وەزیری تەندروستی عێراقیش بەشداری دەکات.
لەم بۆنەیەدا، ژمارەیەكی زۆر لە پزیشكان و كارمەندانی تەندروستی ئوردنی و ناوخۆی هەرێمی کوردستان و عێراق بەشداردەبن، لە پێناو ئاڵوگۆڕی ئەزموون و شارەزایی لە بواری تەندروستیدا.
دوێنێ یەکشەممە 11ـی حوزەیرانی 2023، هەریەک لە وەزیری تەندروستی عێراق و وەزیری تەندروستی ئوردن بەمەبەستی بەشداریکردن لە دیدار و هەفتەی تەندروستی کوردستانی - ئوردونی، گەییشتنە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان و لەلایەن د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە پێشوازییان لێکرا.