"پێرێز نایه‌وێت ئێمباپێ بگوازێته‌وه"
به گوێره‌ی سه‌رچاوه‌یه‌كی راگه‌یاندنی ئیسپانیا، فلۆرێنتینۆ پێرێز سه‌رۆكی ریال مه‌درید بۆ ئه‌م هاوینه كلیان ئێمباپێی ناوێت و ئاماده نییه 200 ملیۆن یۆرۆ بۆ گواستنه‌وه‌ی بدات، پێرێز 3 یاریزانی دیكه‌ی له بری ئێمباپێ بۆ شوێنگره‌وه‌ی بێنزێما كردووه‌ته ئامانج.
پێگه‌ی موندۆ دیپۆرتیڤۆی ئیسپانیا له چاپی ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه، 14 حوزه‌یرانی 2023 رایگه‌یاندووه فلۆرێنتینۆ پێرێز چاوه‌ڕێ ده‌كات تا یارییه‌كانی هه‌ڵبژارده‌ی وڵاته‌كان له هه‌فته‌ی داهاتوو كۆتایی دێت، پاشان له نێوان هاری كه‌ین و خۆسیلۆ یه‌كێكیان بۆ شوێنگره‌وه‌ی كه‌ریم بێنزێما ده‌گوازێته‌وه.
سه‌رچاوه‌كه نووسیویه‌تی: سه‌رۆكی ریال مه‌درید ئاماده نییه 200 ملیۆن یۆرۆ بۆ گواستنه‌وه‌ی كلیان ئێمباپێ بداته پاریس سانجێرمان، چاوه‌ڕێ ده‌كات تا هاوینی داهاتوو ئه‌وكات ئێمباپێ به گرێبه‌ستێكی خۆڕایی ده‌گوازێته‌وه.
موندۆ ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ش كردووه كه پێرێز دڵنیاییه ئێمباپێ جگه له ریال مه‌درید ئاماده‌نییه گفتووگۆ له‌گه‌ڵ هیچ یانه‌یه‌كی دیكه بكات و رێككه‌وتوون له هاوینی داهاتوو گرێبه‌ستی نێوانیان واژۆ بكه‌ن.
له لایه‌كی دیكه‌یشه‌وه، پێگه‌ی سپۆرتی كه‌ته‌لۆنیا هێمای بۆ ئه‌وه كردووه بیرۆكه‌ی گواستنه‌وه‌ی هێرشبه‌ری سڕبی یانه‌ی یوڤێنتۆس دوسان ڤلاهۆڤیچ یه‌كێكی دیكه‌یه له بژارده‌كانی كارگێری ریال مه‌درید.