ئه‌ردۆغان: ئه‌گه‌ر په‌رله‌مان سزای له سێداره‌دان په‌سه‌ند بكات منیش واژووی ده‌كه‌م
ئه‌مه‌ریكا: گوله‌ن كه‌سێكی ئاشتیخواز و بێ كێشه‌یه
K24 - هه‌ولێر:
ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، له یه‌كه‌م چاوپێكه‌وتنی ته‌له‌ڤزیۆنیدا، دوای شكستهێنانی هه‌وڵی كوده‌تای سه‌ربازی، رایگه‌یاند، ئه‌گه‌ر په‌رله‌مانی ره‌زامه‌ندی له‌سه‌ر له سێداره‌دانی كوده‌تاچییه‌كان ره‌زامه‌ندی بكات، ئه‌وا واژووی ده‌كه‌م.
پێشتر ئه‌ردۆغان، له باره‌ی هه‌وڵه‌كانی كوده‌تا رایگه‌یاند، فه‌تحوڵڵا گوله‌ن، رێبه‌ری گرووپی خزمه‌ت له پشت ئه‌و هه‌وڵه‌ن، به‌ڵام گوله‌ن ئه‌و تۆمه‌تانه ره‌تده‌كاته‌وه.
سه‌رۆك كۆماری توركیا، له وتارێكیدا، داوای له ئه‌مه‌ریكا كرد، یان گوله‌ن ده‌ستگیربكات، یاخود راده‌ستی توركیا بكاته‌وه، به‌ڵام به‌رپرسانی باڵای ئه‌مه‌ریكا رایانگه‌یاند، تا ئێستا به فه‌رمی هیچ داوایه‌كی له‌و جۆره‌یان لێنه‌كراوه.
له وه‌ڵامێكی ته‌له‌ڤزیۆنی "CNN"ی ئه‌مه‌ریكی، له باره‌ی ئه‌گه‌ری راده‌ستنه‌كردنه‌وه‌ی گوله‌ن له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریكاوه، ئه‌ردۆغان گوتی: "ئێمه له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا هاوپه‌یمانین و رێككه‌وتننمان هه‌یه تاوانباران راده‌ستی یه‌كتر بكه‌ین، ئه‌گه‌ر داوایه‌كی له‌و جۆره له ئێمه بكه‌ین جێبه‌جێی ده‌كه‌ین، ئێستاش ئێمه ئه‌و داوایه‌مان هه‌یه و ئه‌وانیش ده‌بێت وه‌ڵام بده‌نه‌وه".
مارك تۆنه‌ر، گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا، كه‌مێك به‌ر له ئێستا و له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند، گوله‌ن كه‌سێكی ئاشتیخواز و بێكێشه‌یه.
فه‌تحوڵڵا گوله‌ن، كه زیاتر وه‌ك بانگخوازێكی ئیسلامی ناسراوه، ماوه‌یه‌كه به‌هۆی جیاوازییه‌كانی له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی ئاكپارتی و خودی سیاسه‌ته‌كانی ئه‌ردۆغان، له ئه‌مه‌ریكا ژیان به‌سه‌ر ده‌بات.
گوله‌ن، له یه‌كێك له لادێكانی په‌نسیلڤانیا له كۆشكێكدا ده‌ژیت و رووبه‌ری ئه‌و زه‌وییه‌ی تێیدایه، 28 دۆنم ده‌بێت و پاسه‌وانی تایبه‌تی هه‌یه.