راگەیەندراوێک لە بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی هەرێم سەبارەت بە پارەی گەنمی جووتیاران

ژماردنی پارە لە بانکێکی هەرێمی کوردستان
ژماردنی پارە لە بانکێکی هەرێمی کوردستان

K24 - هەولێر:

بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی هەرێم رایگەیاند، 10 ملیار دینار خرایە سەر هەژماری وەزارەتی بازرگانی کە تایبەتە بە شایستە داراییەکانی جووتیاران بۆ ساڵی 2023.

نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی هەرێم لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەشازیی هەرێمی کوردستان راشیگەیاند، پاش تەواوبونی رێکارە کارگێڕی و داراییەکان دەست بەدابەشکردنی دەکرێت بەسەر جووتیاراندا بەپێی ڕۆژی رادەست کردنی گەنمەکانیان بەسایلۆکان و بەمشێوەی خوارەوە:-

سلێمانی/ پێنج ملیار دینار

هەولێر/ دوو ملیار دینار

دهۆک/  سێ ملیار دینار

لە کۆتایی مانگی رابردوو، وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان داوای لە وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق کرد بڕی وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی هەرێم زیاد بکات.

د.زێدا محەممەد کەریم، بەرێوەبەری گشتی پلاندانان و بەدواداچوون لە وەزارەتی کشتوکاڵ بە کوردستان24ـی راگەیاند، حکومەتی عێراق رازی بووە ئەو بڕگەیەی کە باس لەوە دەکات، وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق 375 هەزار تۆن گەنم لە جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەردەگرێت لاببرێت، وەرگرتنی گەنمی جووتیاران بە شێوەی کراوەیی بەردەوام دەبێت واتا جووتیاران چەند گەنمیان هەبێت لێیان وەردەگیرێت.