منداڵی ئه‌ستێره‌كانی پێشوو ببینه‌ كه‌ ئێستا شوێنی باوكیان گرتۆته‌وه‌

زیدان دوو له‌ كوڕه‌كانی بانگهێشتی ریال مه‌درید كردووه‌

به‌شێك له‌ ئه‌ستێره‌كانی پێشووی تۆپی پێ، له‌ دوای ماڵئاوایی كردنیان میراتێكی گه‌وره‌یان له‌ داوی خۆیان جێهێشتووه‌، ئه‌ویش كوڕه‌كانیه‌، دیارترین ئه‌و ئه‌ستێره‌ لاوانه‌ی كه‌ ئێستا میدیاكان چاویان له‌سه‌ره‌ له‌م راپۆرته‌ی خواره‌وه‌دا بخوێنه‌وه‌.

1ـ ئینزۆ و لۆكا

زینه‌دین زیدان، ئه‌فسانه‌ی پێشووی هه‌ڵبژارده‌ی فره‌نسا و راهێنه‌ری ئێستای یانه‌ی ریال مه‌درید خاوه‌نی 4 كوڕه‌، 2 له‌ كوڕه‌كانی ئینزۆ و لۆكای بانگهێشتی لیستی 25 یاریزانه‌كه‌ كردووه‌ كه‌ گه‌شتی مۆنتاریالی كه‌نه‌دایان كردووه‌.

ـ ئینزۆ ته‌مه‌نی 21 ساڵه‌ و له‌ شاری بۆردۆی فره‌نسا له‌ دایك بووه‌ و پێشتر له‌ تیپی تازه‌پێگه‌یشتووانی یوڤێنتۆس یاریی كردووه‌، له‌ هاوینی 2014 بانگهێشتی تیپی دووه‌می ریال مه‌درید كراوه‌.

ـ لوكا، ته‌مه‌نی 18 ساڵه‌، یاریزانی هه‌ڵبژارده‌ی تۆپی پێی فره‌نسایه‌ بۆ خوار ته‌مه‌ن 18 ساڵان، ئێستاش بانگهێشتی یانه‌ی ریال مه‌درید كراوه‌، به‌ڵام به‌ فه‌رمی هیچ گرێبه‌ستێكی له‌گه‌ڵ واژۆ نه‌كراوه‌.

2ـ جه‌ستن كلیۆڤێرت

ئه‌م یاریزانه‌ لاوه‌، هاوشێوه‌ی كلۆیڤێرتی باوكی له‌ هێڵی هێرشبه‌ر یاریی ده‌كات، ته‌مه‌نی 17 ساڵه‌ و له‌ تیپی دووه‌می یانه‌ی ئه‌یاكس ئه‌مستردام یاریی ده‌كات و یاریزانی هه‌ڵبژارده‌ی هۆڵه‌ندایه‌ بۆ خوار ته‌مه‌ن 18 ساڵان، دوای ئه‌وه‌ی باوكی بووه‌ به‌رێوه‌به‌ری وه‌رزشی یانه‌ی پاریس سانجێرمان چاوه‌ڕێ ئه‌وه‌ ده‌كرێت جه‌یستنی كوڕیشی له‌ ئه‌یاكسه‌وه‌ بۆ پاریس بگوازێته‌وه‌.

3ـ لانس حاجی

ئه‌م یاریزانه‌ ته‌مه‌ن 17 ساڵانه‌، كوڕی جۆرج حاجی ئه‌ستێره‌ی پێشووی هه‌ڵبژارده‌ی رۆمانیایه‌ كه‌ به‌ ماڕادۆنای دووه‌م ناسراوه‌، ئه‌م یاریزانه‌ ئێستا یاریزانی یانه‌ی فیۆرێنتینای ئیتاڵیایه‌ و له‌ ریزی هه‌ڵبژارده‌ی لاوانی رۆمانیاش یاریی ده‌كات.

4ـ جیۆڤانی سیمیۆنی

جیۆڤانی كوڕی دیێگۆ سیمیۆنی راهێنه‌ری ئاتڵێتیكۆ مه‌دریده‌ و بانگهێشتی هه‌ڵبژارده‌ی ئۆلمپی تانگۆ كراوه‌، یه‌كێكه‌ له‌ هێرشبه‌ره‌ ده‌ركه‌وتووه‌كان، له‌ كۆی 12 یاریی له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژارده‌ی وڵاته‌كه‌ی 10 گۆڵی تۆمار كردووه‌، ئێستاش یاریی بۆ یانه‌ی ریڤه‌ر پله‌یتی ئارجێنتینا ده‌كات.

5ـ كریستیان مالدینی

پاوڵۆ ماڵدینی، ئه‌ستێره‌ی پێشووی هه‌ڵبژارده‌ی ئیتاڵیا و یانه‌ی ئه‌ی سی میلان، پێشتر هه‌نگاوه‌كانی سیزار مالدینی باوكی هه‌ڵگرت و بووه‌ یه‌كێك له‌ باشترین به‌رگریكاره‌كانی جیهان، دوای وازهێنانی، میدیاكان كریستیان مالدینی به‌ شوێنگره‌وه‌یه‌كی به‌هێزی باوك و باپیری وه‌سف ده‌كه‌ن، ئێستا كریستیانی ته‌مه‌ن 20 ساڵ، یاریزانێكی ناوه‌ڕاستكاره‌ و كاپتنی تیپی لاوانی ئه‌ی سی میلان بووه‌.

6ـ جۆردان لارسن

جۆردانی ته‌مه‌ن 19 ساڵ، هاوشێوه‌ی هێنریك لارسنی پێشووی هه‌ڵبژارده‌ی سوێد و یانه‌ی بارسێلۆنا، یه‌كێكه‌ له‌ گۆڵكاره‌ به‌ تواناكان كه‌ ئێستا یاریی بۆ یانه‌ی هێلینسبۆرگی سویدی ده‌كات.

7ـ ماسیۆ ئۆلیڤێرا

ماسیۆ كوڕی ئه‌ستێره‌ی پێشووی هه‌ڵبژارده‌ی تۆپی پێی به‌رازیل (بیبیتۆ)ـیه‌، باوكی له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژارده‌ی به‌رازیل به‌شداریی له‌ 3 مۆندیال كردووه‌ و یه‌كێكه‌ له‌ ئه‌ستێره‌كانی پێشووی سیلیساو، ماسیۆی كوڕی له‌ یانه‌ی فلامینگۆی به‌رازیلییه‌وه‌ ده‌ستی به‌یاریكردن كرد، ئێستاش یاریی بۆ یانه‌ی ئیستۆریلی پورتوگالی ده‌كات.

Fly Erbil Advertisment