عێراق.. دادگا سزای هەتاهەتایی بەسەر ئەفسەرێک دا سەپاند کە تۆمەتبارە بە کوشتنی خۆپیشاندەران

K24 - هەولێر

دادگایەکی عێراق سزای زیندانیکردنی هەتاهەتایی بەسەر ئەفسەرێکدا سەپاند بە تۆمەتی کوشتنی خۆپیشاندەران لە شاری ناسریە لە ساڵی 2019.

لە ئۆکتۆبەری ساڵی 2019 دا، بەهۆی گەندەڵی و بێکاریەوە، لە عێراق دەیان هەزار کەس خۆپیشاندانیان ئەنجامدا، رووبەروبوونەوە لە نێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنیەکان روویدا، کە بەهۆیەوە زیاتر لە 600 خۆپیشاندەر کوژران.

دوای چەندین لێکۆڵینەوە، دادگای تێهەڵچوونەوەی پارێزگای زی قار لە ناوەندی ناسریە، سزای هەتا هەتایی بەسەر ئەفسەری هێزەکانی وەڵامدانەوەی خێرا "موقەدەم عومەر نزار"دا سەپاند.

سەرەڕای ئەو دۆخەی لەشارەکەدا روویدا، هێشتا زۆرێک لە خەڵکی نیگەرانن لەوەی کە ئەو ئەفسەرە ئازاد بکرێت، کە تۆمەتبارە بە سەرکوتکردنی خۆپیشاندەرانی پارێزگاکە لە خۆپیشاندانەکانی ساڵی 2019 لە عێراق، کە دواتر بە کۆمەڵکوژی زەیتوون ناو برا.