ئێران و وڵاتانی پێنج كۆ یەك لە ڤییەننا كۆبوونەوە

کۆبوونەوەی كۆمیسیۆنی ھاوبەشی رێككەوتنی ناووكى ئێران و وڵاتانی پێنج كۆ یەك لە ڤیەننا دەستیپێكرد.

K24 – هه‌ولێر:

کۆبوونەوەی كۆمیسیۆنی ھاوبەشی رێككەوتنی ناووكى ئێران و وڵاتانی پێنج كۆ یەك  لە ڤیەننا دەستیپێكرد.

چوارەمین دانیشتنی كۆمیسیۆنی ھاوبەشی بەرجام، دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە لە ھۆتێل ھامبۆرگی شاری ڤیەننا دەستیپێكرد و بڕیارە لەو دانیشتنەدا بەربەستەكانی بەردەم جێبەجێكردنی رێككەوتنی ئەتۆمی ئێران و وڵاتانی پێنج كۆ یەك، تاوتوێبكرێت.

عەباس عێراقچی جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران و سەرۆكی كۆمیتەی بەدواداچوونی بەرجام، رایگەیاند، ئەو كۆمیسیۆنە ھاوبەشە دەرفەتێكی باشە بۆ بەدواداچوونی ھەمەلایەنە بۆ بەربەستەكانی بەردەم جێبەجێكردنی رێككەوتننامەی ناووكى ئێران.

لەو دانیشتنەدا، ھێلگا شمید جێگری فێدێریكا موگیرینی بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەكێتی ئەوروپا و ژمارەیەك لە نوێنەری وڵاتانی ئەندام لە گرووپی پێنج كۆ یەك، بەشدارن.

ساڵێك بەسەر رێككەوتنی ناووكى ئێران و وڵاتانی پێنج كۆیەكدا تێدەپەڕێت، بەشێك لە گەمارۆكانی سەر ئێران بەردەوامن و وڵاتانی رۆژئاوا دەڵێن، ئێران پابەندی خاڵەكانی رێككەوتننامەكان نییە.