دامەزراندنی دوو زانکۆکەی ئاکرێ و گەرمیان چووە بواری جێبەجێکردنەوە
K24 – هەولێر:
دوا بەدوای واژۆکردنی فەرمانی دامەزرانی دوو زانکۆی نوێ لە ئاکرێ و گەرمیان لەلایەن سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان، فەرمانی وەزاری بۆ دامەزراندنی هەردوو زانکۆی ئاکرێ بۆ زانستە کردارییەکان و زانکۆی پۆلیتەکنیکی گەرمیان دەرکرد.
رۆژی (26ـی حوزەیرانی 2023)، وەزارەتی خوێندنی باڵا و و توێژینەوەی زانستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، پاڵپشت بە فەرمانى سەرۆکایەتىی ئەنجوومەنى وەزیران و لەبەر ڕۆشنایىی بڕگەى (پێنجەم) لە ماددەى (سێیەم) و بڕگەى (یەکەم/1) لە ماددەى (چوارەم)، لە یاساى وەزارتى خوێندنى باڵا و توێژینەوى زانستیی ژمارە (10)ى هەموارکراو، بە هەردوو فەرمانی وەزاری ژمارە (744 و 745)، فەرمانی دامەزراندنی بۆ هەردوو زانکۆکە دەرکردووە.
لە فەرمانەکانی وەزارەتی خوێندنی باڵادا هاتووە، زانکۆى ئاکرێ بۆ زانستە کردارییەکان، ناوەندەکەى لە قەزاى ئاکرێ دەبێت و زانکۆى پۆلیتەکنیکى گەرمیان ناوەندەکەى لە قەزای کەلار لە ئیدارەى سەربەخۆى گەرمیان دەبێت.
بەگوێرەی هەردوو فەرمانەکە، بە پێى بڕگەى (یەکەم/9) لە ماددەى (حەوتەم) لە یاساى وەزارەتی خوێندنى باڵا و توێژینەوى زانستى، ئەو دوو زانکۆ نوێیە بۆ لیستى زانکۆ حکومییەکان زیاد دەکرێت و بە وەزارەتی خوێندنی باڵاوە دەبەسترێنەوە.
بە فەرمانی ژمارە (2546) لە (19ـی حوزەیرانی 2023)، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان فەرمانی دەرکردووە بۆ دامەزراندنی دوو زانکۆی نوێ لە هەرێمی کوردستان و لکاندنیان بە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان هاوشێوەی دەزگاکانی دیکەی خوێندن.
ئەو دوو زانکۆیە بریتین لە زانکۆی ئاکرێ بۆ زانستە کردارییەکان و زانکۆی پۆلیتەکنیکی گەرمیان و لە فەرمانەکەدا سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی راسپاردووە بۆ دیاریکردنی پێکهاتەی هەریەک لەو زانکۆیانە و دابینکردنی گشت پێداویستییەکانیان بە هەماهەنگی لەگەڵ زانکۆ پەیوەندیدارەکان بە رەچاوکردنی سەرجەم مەرجە زانستی و یاساییەکان کە لە یاسا و رێنماییەکاندا هاتووە.
هاوکات ئاماژە بەوەشکراوە، جێبەجێکردنی ئەم فەرمانە لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حکومەتی هەرێمی کوردستانییەوە لە رێکەوتی دەرچوونییەوە جێبەجێ دەکرێت.
ئەمەش لە کاتێکدایە رۆژی (22ـی ئایاری 2023) لە میانی سەردانیکردنی بۆ دەڤەری ئاکرێ، دامەزراندنی ئەو دوو زانکۆیەی راگەیاند و لە گوتارێکدا ئاماژەی بەوەکرد، " لێرەوە دەمەوێ موژدەیەكی دیكەش بە ئێوە بدەم كە زانكۆی ئاكرێ (زانکۆی زانستە کردارییەکانی ئاکرێ) دادەمەزرێنین، هیوادارم ئەم زانكۆیەش خزمەتێكی زیاتری ئەو دەڤەرە بكات، لە هەمان كاتدا لێرەدا دەمەوێ ئەوەش رابگەیەنم كە زانكۆی پۆلیتەکنیکی گەرمیانیش ئینشەڵڵا دادەمەزرێنین و ئەو زانكۆیەش لە خزمەت خەڵكی ئێمە لە دەڤەری گەرمیان دەبێت".
پێشتریش وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاندبوو، کردنەوەى ئەو دوو زانکۆ حکومییە لە چوارچێوەى ستراتیژى كابینهی نۆیهمی حكومهتی ههرێمی کوردستانە، بەمەبەستى فراوانکردنى دەرفەتى خوێندنى تەکنیکى و بوارى زانستە کردارییەکان لە هەرێمى کوردستان.