واشنتن پۆست: ئەگەر ئۆکرانیا سەرکەوتوو نەبێت ئەوە بۆ چەندین ساڵ خاکی خۆیی لەدەستدەدات
K24 - هەولێر
رۆژنامەی واشنتن پۆست رایگەیاندووە، ئەگەر ئۆکرانیا لە چەند هەفتەی داهاتوودا لە بەرەکانی شەڕدا سەرکەوتوو نەبێت، ئەوا بۆ چەندین ساڵ خاکی خۆی لەدەستدەدات.
گراهام ئێلیسۆن، مامۆستای کارگێڕی گشتی لە زانکۆی هارڤارد، لە وتارێکدا بۆ رۆژنامە واشنتن پۆست نووسیویەتی: ئەگەر هێزەکانی ئۆکرانیا لە هەفتەکانی داهاتوودا سەرکەوتن بەدەست نەهێنن، ئۆکرانیا تاوەکو 16 ساڵ ناتوانێت هەموو خاکەکەی بەدەست بهێنێتەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، بەردەوامبوونی چەقبەستوویی لە بەرەکانی شەڕدا، لە ئایندەیەکی نزیکدا دەبێتە هۆی گواستنەوەی ململانێکان بۆ قۆناغێکی نوێ، ئەگەر هێزەکانی ئۆکرانیا بە درێژایی هاوین لە چەقبەستوویی بمێننەوە، پێویستە چاوەڕێی ئەوە بکەین کە رەهەندی سیاسیی رەوتی رووداوەکانی ئەم شەڕە دیاری دەکات، زۆرێک لە لایەنگرانی ئۆکرانیا لە ئەوروپا و تەنانەت وڵاتانیش بۆ وەستاندنی شەڕەکان و دەستپێکردنی دانوستانی جددی لەسەر ئاگربەست کۆکن.
ئێلیسۆن گوتیشی: ئەگەر رێککەوتنێک بکرێت، هەر لایەنێک بەپێی ئەو دەستکەوتانەی دوای ئاگربەست بەدەستی دەهێنێت، سەرکەوتنی خۆی رادەگەیەنێت.