نەبەز عەبدولحەمید: هەرکەسێک لە دەرەوەی سەربڕخانەکان قوربانی ئەنجامبدات سزا دەدرێت
K24 - هەولێر:
قایمقامی قەزای ناوەندی هەولێر، رایدەگەیەنێت، ئەنجامدانی قوربانی لەناو گەڕەکەکاندا دەبێتە هۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی و پیسبوونی ژینگە. هەروەها گوتیشی: هەرکەسێک لە دەرەوەی سەربڕخانەکان قوربانی ئەنجامبدات سزا دەدرێت.
نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی قەزای ناوەندی هەولێر، لە میانەی بەشداریکردنی لە دوای گەشتی هەواڵەکانی کاتژمێر 23:00ـی کوردستان24، رایگەیاند، ئەو هاووڵاتیانەی کە بە نیازن بەیانی قوربانی ئەنجامبدەن با روو لە سەربڕخانەکانی ئاژەڵان بکەن، بەهۆی ئەوەی لە سەربڕخانەکاندا پیش سەربڕینی ئاژەڵ و دوای سەربڕینی ئاژەڵ پشکنینی بۆ دەکرێت.
هەروەها راشیگەیاند، ئەو کەسانەی کە لەدەرەوەی سەربڕخانەکان ئاژەڵ سەر دەبڕن لێپێچینەوەی توندیان لەگەڵدا دەکرێت.
قایمقامی قەزای ناوەندی هەولێر، ئاماژەی بەوەدا، سەربڕینی ئاژەڵان لە کۆڵانەکان، ماڵەکان و شوێنەکانی دیکە بە هەموو شێوەیەک قەدەغەیە، هەروەها تیمەکانی شارەوانی و پۆلیس بەردەوام چاودێری کۆڵانەکان و گۆرەپانی ئاژەڵان دەکەن.
گوتیشی: قوربانیکردن لەناو کۆڵانەکەنا چەندین زیانی هەیە، بەهۆی ئەوەی پاشماوەیە دەبێتە هۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی و پیسبوونی ژینگە.
نەبەز عەبدولحەمید جەختی لەوەشکردەوە، "قوربانیکردن سووننەتێکی ئاینییە و خێرە، بەڵام ئەگەر هەرکەسێک پابەندی رێنماییەکان نەبێت و ئاژەڵ لە شوێنە نایاساییەکاندا سەرببڕیت ک ببێتە هۆی پیسبوونی ژینگە و بڵاوبوونەوەی نەخۆشی بێگومان خێری ناگاتێ، مامۆستایانی ئاینیش لەگەڵم هاوڕان".
تای خوێنبەربوون کە بە "تای خوێنبەربوونی کریمیا - کۆنگۆ" ناسراوە، بە یەکێک لە کۆمەڵەی تای خوێنبەربوونی ڤایرۆسی دادەنرێت کە بەگوێرەی رێکخراوی تەندروستی جیهانی لە ناوچەکانی رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست بڵاودەبێتەوە.
دوای ئەوەی کەسێک تووشی ڤایرۆسەکە دەبێت، نزیکەی هەفتەیەکی پێدەچێت بۆ دەرکەوتنی نیشانەکانی، کە بریتیە لە خوێنبەربوونی ناوەکی یان دەرەکی لەگەڵ تایەکی بەرز.
بەگوێرەی زانیاریەکانی رێکخراوی تەندروستی جیهانی، رێژەی مردن بەتای خوێنبەربوون %40، تاوەکو ئێستا هیچ چارەسەرێکی بۆ نەدەزۆراوەتەوە و ئاماژە بەوەشکراوە، تای خوێنبەربوون نەخۆشییەکی ڤایرۆسییە و لە ئاژەڵەوە بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە.
نیشانەکانی تای خوێنبەربوون بریتین لە (تا، ئازاری ماسولکە، سەرگێژخواردن و سەرئێشە، ئازاری مل و پشت، هەوکردنی چاو و هەستیاری بە رووناکی، رشانەوە و سکچوون، ئازاری سک، ئاوسانی گەروو).