هێرشێکی رووسیا بۆ سەر چێشتخانەیەکی ئۆکرانیا 64 قوربانی لێکەوتەوە

شوێنی رووداوەکە، وێنە AFP
شوێنی رووداوەکە، وێنە AFP

K24 - هەولێر

دەسەڵاتدارانی کیێڤ رایانگەیاند، ژمارەی کوژراوانی هێرشە مووشەکییەکەی رووسیا کە بۆ سەر چێشتخانەیەک لە شاری کراماتۆرسکی رۆژهەڵاتی وڵاتەکە، لانیکەم هەشت کەس کوژراون و 56 کەسی دیکەش بریندار بوون، لەنێو کوژراواندا سێ منداڵ هەن.

دەزگای فریاکەوتنی ئۆکرانیا لە پەیامێکدا رایگەیاندووە، لە هێرشێکی مووشەکیدا بۆ سەر چێشتخانەیەک لە شاری کراماتۆرسکی، "تەرمی هەشت کەس کە سێیان منداڵن لە ژێر داروپەردووی بینا وێرانبووەکەدا دەرهێنراون".

پۆلیس و سوپای ئۆکرانیا پێشتر رایانگەیاندبوو، کە رۆژی سێشەممە، لە هێرشێکی مووشەکی رووسیا بۆ سەر شارۆچکەی کراماتۆرسکی رۆژهەڵاتی ئۆکرانیا لانیکەم چوار کەس کوژراون، لە کاتێکدا تیمەکانی فریاگوزاری خەریکی دەرهێنانی قوربانیانی ژێر داروپەردووی بینا رووخاوەکانن.

لە گرتە ڤیدیۆییەکانی دیکە کە لەلایەن کەناڵە سەربازییەکانەوە لە تێلێگرام پەخشکراون، دەرکەوتووە کە پیاوێک خوێن لە سەری دەڕژێت، لە سەر شەقامەکە فریاگوزاری سەرەتایی وەردەگرێت.

کراماتۆرسک شارۆچکەیەکی سەرەکییە لە رۆژئاوای هێڵی پێشەوەی ناوچەی دۆنێتسک، و ئامانجێکی سەرەکییە کە لە هەر پێشڕەوییەکی رووسیا بەرەو رۆژئاوا بۆ گرتنی تەواوی ناوچەکە.

هێرشەکانی رووسیا چەندین جار شارۆچکەکەیان کردووەتە ئامانج، لەوانە هەڵکوتانە سەر وێستگەی شەمەندەفەری شارۆچکەکە لە مانگی نیسانی 2022 کە بووە هۆی کوژرانی 63 کەس.

رووسیاش رەتیدەکاتەوە شوێنە مەدەنییەکانی کردبێتە ئامانج.

لە لایەکی دیکەوە، پنتاگۆن رۆژی سێشەممە رایگەیاند، ئەمەریکا پاکێجێکی نوێی هاوکاری سەربازی بە بڕی 500 ملیۆن دۆلار دەداتە کیێڤ، بە مەبەستی پاڵپشتیکردنی ئۆکرانیا لە شەڕی دژی رووسیا.