ئاگرێکی گەورە لە نزیک کۆمپانیای گازی باکوور لە کەرکووک کەوتەوە

ئاگرەکەی کەرکووک
ئاگرەکەی کەرکووک

K24 – کەرکووک:

ئاگرێکی گەورە لە زەوییە کشتوکاڵییەکانی نزیک لە کۆمپانیای گازی باکوور لە کەرکووک کەوتووەتەوە و نزیکەی نۆ تیمی بەرگری شارستانی کەرکووک هەوڵی کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکە دەدەن.

رۆژی (28ـی حوزەیرانی 2023)، پەیامنێری کوردستان24 رایگەیاند، دوای کاتژمێر حەوتی ئێوارە، بەهۆی سووتاندنی پوش و پەڵاشی زەوییەکی کشتوکاڵی لەلایەن جووتیارێکەوە، ئاگرەکە تەشەنە دەکات بۆ زەوییەکانی دەروبەری کە چەندین بیری نەوتی تێدایە.

پەیامنێری کوردستان24 ئاماژەی بەوەشکرد، کۆمپانیای گازی باکوور دەکەوێتە رۆژئاوای کەرکووک لە نزیک ناحیەی یایچی و بەهۆی زۆری و چڕی ئاگرەکە لە ئەنجامی سووتانی پاشماوەی نەوتی رژاو لەسەر زەوییە کشتوکاڵییەکانی ناوچەکە، دوکەڵێکی زۆر بەسەر ئاسمانی شارەکە بڵاوبووەتەوە.

بەگوێرەی دیمەنەکان کە راستەوخۆ لە گەشتی ژووری هەواڵی کاتژمێر 8ـی کوردستان24 بڵاوکرایەوە، رووبەرێکی زۆر لە زەوی کشتوکاڵی ناوچەکە سووتاوە بەڵام تاوەکو ئێستا قەبارەی زیانەکان نەزاندراوە.

ئەمە بە سێیەم رووداوی ئاگرکەوتنەوە دادەنرێت لە یەکەم رۆژی جەژنی قورباندا، دوای ئاگرکەوتنەوە لە بازاڕی لەنگەی هەولێر و چیای گۆیژە لە سلێمانی.