حکومەتی عێراق لەسەر سووتاندنی قورئان لە سوید هاتە دەنگ

سووتاندنی قورئانی پیرۆز لەلایەن پەنابەرێکی عێراقی لە سوید
سووتاندنی قورئانی پیرۆز لەلایەن پەنابەرێکی عێراقی لە سوید

K24 - هەولێر:

حکومەتی عێراق سووتاندنی قورئان لەلایەن پەنابەرێکی عێراقی لە سوید سەرکۆنە دەکات و کردەوەکە بە شەڕانگێزی ناودەبات.

باسم عەوادی، گوتەبێژی فەرمی حکومەتی عێراق لە راگەیەندراوێکدا هەڵوێستی حکومەتی عێراقی لەبارەی سووتاندنی قورئان لەلایەن پەنابەرێکی عێراقی لە سوید راگەیاند و کردەوەکەی سەرکۆنە کرد. ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو کارە هەستی ملیۆنان موسڵمانی ئازاردا و تەنانەت گەلانی رۆژئاواشی توڕە کرد کە لە مێژە شانازی بە ئامێزگرتنی فرەچەشنی و رێزگرتن لە بیروباوەڕی ئەوانی دیکە و پاراستنی ئایینەکان و مافی لایەنگرانی خۆیان دەکەن.

گوتەبێژی حکومەتی عێراق جەختیشدەکاتەوە، ئەو کارە شەڕانگێزییە و هیچ پەیوەندییەکی بە ئازادی رادەربڕینەوە نییە، بەڵکو هاندانە بۆ زیاتر بڵاوکردنەوەی رق و توندوتیژییەوە.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە: تووڕەکردنی باوەڕداران و ئەنجامدانی کاری لەم شێوەیە، جارێکی دیکە دەمانکێشێتە ناو تاڵاوی تیرۆر و توندڕەوییەوە کە جیهان هێشتا پێیەوە دەناڵێنێت.

گوتەبێژی حکومەتی عێراق بە رەخنەگرتن لە دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتانەی کە رێگە بە سووتاندنی قورئانی پیرۆز دەدەن، رایگەیاندووە "رێگەدان بەم توندڕەوە نەزانانە کە بڕواداران تورەبکەن و بەبێ رێگریکردن گەمژەیی خۆیان دەردەخەن، جارێکی دیکە راماندەکێشێتەوە بۆ ناو تاڵاوی تیرۆر و توندڕەویی کە جیهان هێشتا پێوەی دەناڵێنێت. بێ گومان ئەو لایەنانەی لە پشتیانەوە وەستاون، یان رێگەیان پێدەدەن و هانیدەدەن بۆ درێژەدان بەم جۆرە گەمژەییانە، بەرپرسیارن لەهەمبەر هەموو ئەو دەرئەنجامە نەرێنییانەی کە بەدوای خۆیدا دێن. بەشێوەیەکی راستەوخۆ یان ناراستەوخۆ. لێرەوە داوا لە حکوومەتە پەیوەندیدارەکان دەکەین دەستپێشخەری بکەن و ئەم توندڕەوانە لە درێژەدان بە کارە خراپەکانیان رابگرن کە هەمووان بەرەو ئەنجامێک دەبات کە کەس خوازیاریی نییە".