شەپۆلی گەرما ئەمەریکاشی گرتەوە و بەهۆیەوە 13 کەس گیانیان لەدەستداوە
K24 - هەولێر:
لانیکەم 13 کەس لە ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بەهۆی هاتنی شەپۆلێکی گەرماوە گیانیان لەدەستداوە، ئەمەش دوای ئەوەی 112 کەس لە مەکسیک بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما گیانیان لەدەستدا.
شەپۆلێکی گەرمای سەخت رووی لە هەردوو ویلایەتی تێکساس و لویزیانا کردووە، کە لەگەڵیدا پلەکانی گەرما زۆرجار لە 40 پلەی سەدی تێدەپەڕن.
شارەزایان رەتی ناکەنەوە، گۆڕانی کەشوهەوا یەکێکە لە هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما لەو دوو ویلایەتە.
بە گوێرەی هەواڵێكی ئاژانسی فرانس پرێس، تا ئێستا لە ویلایەتی تێکساس 12 کەس بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما گیانیان لەدەستداوە.
هەر بەهۆی هاتنی شەپۆلی گەرماوە، لە ویلایەتی لویزیانا ژنێکی تەمەن 62 ساڵ بە مردوویی دۆزرایەوە کە دواتر وەزارەتی تەندروستی لە لویزیانا رایگەیاند، "مردنەکەی پەیوەندی بە گەرماوە هەبووە".
هەروەها بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرماوە، لە مەکسیک 112 کەس گیانیان لەدەست دا.
یەکێکی دیکە لە هۆکارەکانی هاتنی شەپۆلی گەرما بۆ ئەمەریکا، ئاگری دارستانەکانی کەنەدایە کە هۆکارێکیشە بۆ پیسبوونی کەشوهەوای ناوچەکە.