بەڕێوەبەری دەزگای هەواڵگری ئەمەریکا بە نهێنی سەردانی ئۆکرانیای کردووە
K24 - هەولێر:
ویلیام بێرنز، بەڕێوەبەری دەزگای هەواڵگری ئەمەریکا بە نهێنی سەردانی ئۆکرانیای کردووە و لەگەڵ هاوتا ئۆکرانیەکەی و ڤۆڵۆدیمێر زیلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا کۆبووەتەوە.
ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس، لە زاری چەند سەرچاوەیەک لە حکومەتی ئەمەریکاوە، بڵاویکردەوە، ویلیام بێرنز دووپاتیکردەوە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا پابەندە بەوەی لەڕووی هەواڵگرییەوە یارمەتی ئۆکرانیا بدات بۆئەوەی دژی لەشکرکێشی روویسا بەرگری لەخۆی بکات.
ئەم سەردانەی بەڕێوەبەری دەزگای هەواڵگری ئەمەریکا بۆ ئۆکرانیا لە کاتێکدایە، کە کیێڤ پلانی هێرشی پێچەوانی بۆ سەر هێزە رووسیەکان هەیە.
بە گوێرەی هەواڵێكی واشنتن پۆست، دەسەڵاتدارانی ئۆکرانیا پلانیان هەیە کۆنترۆڵی ناوچە داگیرکراوەکانی ژێردەستی رووسیا بگرنە دەست و دواتر لە کۆتایی ئەمساڵدا، بەمەبەستی راگەیاندنی ئاگربەست، دانووستان لەگەڵ رووسیادا بکەن.
بە گوتەی سەرچاوەکەی فرانس پرێس، ویلیام بێرنز لە سەرەتای لەشکرکێشی رووسیا بۆ سەر خاکی ئۆکرانیا، چەند جارێک سەردانی ئۆکرانیای کردووە.
ئاژانسی فرانس پرێس بڵاویشیکردەوە، بەڕێوەبەری دەزگای هەواڵگری ئەمەریکا (CIA) 24 کاتژمێر پێش هەڵگەڕانەوەی یەڤگینی پریگۆژین، سەرۆکی گرووپی ڤاگنەر لە حکومەتی رووسیا، سەردانی ئۆکرانیای کردووە.