ئەمەریکا مۆسکۆ دڵنیا دەکاتەوە کە پەیوەندیان بە هەڵگەڕانەوەی ڤاگنەرەوە نەبووە

ویلیام بێرنزی
ویلیام بێرنزی

K24 - هەولێر

بەڕێوەبەری سی ئای ئەی دڵنیایی دەداتە مۆسکۆ کە واشنتن پەیوەندی بە هەڵگەڕانەوەی گرووپی  ڤاگنەرەوە نییە.

رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ بڵاویکردەوە، ویلیام بێرنزی بەڕێوەبەری "سی ئای ئەی" ی ئەمەریکا دوای هەڵگەڕانەوە کورتەکەی گرووپی ڤاگنەر لە سوپای رووسیا، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ سێرگی ناریشکین، سەرۆکی هەواڵگری رووسیا کردووە، بۆ ئەوەی دڵنیایی بداتە کرێملین کە ئەمەریکا هیچ پەیوەندییەکی بەوەوە نییە.

ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنییە چەند رۆژێک لەمەوبەر بووە و بەرزترین ئاستی پەیوەندی نێوان هەردوو حکومەت بووە لەدوای هەوڵی یاخیبوونەکە لە رووسیا.

سەرۆکی گروپی ڤاگنەری سەربازی تایبەتی رووسیا، یەڤگنی پریگۆژین، هەفتەی رابردوو لە سووپای رووسیا هەڵگەڕاوە و چووە ناو شاری رۆستۆڤ، کاتێک چەکدارەکانی لە مۆسکۆی پایتەختی رووسیا نزیک بوونەوە، لەناکاو پاشەکشەی کرد و چووە بێلارووس.

ڕۆژی دووشەممەی رابردوو، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا، یاخیبوونی کورتخایەنی بەکرێگیراوانی ڕووسیا لە دژی کرێملین بە "بەشێک لە ململانێی نێو سیستمی ڕووسیا، کە ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی تێیدا بەشدار نین" وەسفکرد.

ئەم لێدوانەی بەڕێوەبەری دەزگای هەواڵگری ئەمەریکا، لەکاتێکدایە کە ئاژانسی فرانس پرێس بڵاوی کردووەتەوە، ویلیام بێرنز 24 کاتژمێر بەر لە هەڵگەڕانەوەی گرووپی ڤاگنەر لە رووسیا، بە نهێنی سەردانی ئۆکرانیای کردووە.