دژی پەیماننامەی لۆزان رێپێوانێک لە واشنتنەوە بەرەو نیویۆرک بەڕێوەدەچێت

K24 - واشنتن:
رۆژی شەممە، رێکەوتی 1/7/2023، کۆمەڵێک کورد و ئەمەریکی، لە پارکی نەتەوەیی لەبەردەم پەیکەری 16هەمین سەرۆکی ئەمەریکا، ئەبراهام لینکۆڵن کۆبوونە تاکو رێپێوانێکی 24 رۆژە بەرەو بارەگای نەتەوەیەکگرتوەکان لە نیویۆرک دەست پێبکەن.
کانی غوڵام، سەرۆکی تۆڕی زانیاری کوردی - ئەمەریکی، خاوەنی سەرەکی بیرۆکەکەیە کە ناوی لێنراوە "رێپێوانێکی دوور مەودا لەپێناو ئازادی و شکۆداری".
کانی غوڵام ئەگەر بەخت یاوەری بێ و کێشە نەکەوێتە بەردەم رێپێوانەکەی و کەشوهەوا لەباربێت، بەنیازە رۆژی 24ی مانگ، واتە راست لە بیرەوەری واژۆکرانی 100 ساڵەی پەیماننامەی لۆزان بگاتە بەردەم رێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان و بەمجۆرە ئەو پەیماننامەیە مەحکوم بکات و پێشی وایە لە ماوەی 100 ساڵی رابردوودا بەهۆی ئەو پەیماننامەوە ستەم و بێدادی دژی خەڵکی کوردستان پتر هاتووەتە ئاراوە.
هەوڵی سەرۆکی تۆڕی زانیاری کوردی - ئەمەریکی ئەوەیە کە لە رێگای ئەو چالاکیەوە خەڵکی ئەمەریکا پتر ئاگاداری پرسی کورد بن و بایەخ بە خواست و خەباتی خەڵکی کوردستان بۆ ئازادی بدەن.
بە گوێرەی زانیارییەکان، چالاکییەکەی کانی غوڵام لە لایەن رەوەندی کوردستانی و پشتیوانانی دۆزی کوردستان لە ئەمەریکا پێشوازی زۆری لێکراوە و چاوەڕێ دەکرێت خەڵک لە ماوەی چالاکییەکەدا لە شوێن و ولایەتی جۆربەجۆر وێڕای پێشوازی هاوکاری و یارمەتی پێویستی پێشکەش بکەن.
رێپێوانە دوور و درێژەکەی تۆڕی زانیاری کوردی - ئەمەریکی وەکو خۆیان رایانگەیاندوە، بۆ راستکردنەوەی هەڵەیەکی سەد ساڵەیە.
''سەد ساڵ لەمەوبەر هەڵەیەکی گەورە بە ناوی "ئاشتی" بەرامبەر گەلی کورد کرا. پێنج ساڵ دوای جەنگی جیهانی یەکەم، لە 24ی تەمووزی 1923، زلهێزە گەورەکانی ئەوروپا سەربەخۆیی کوردستانیان هەڵوەشاندەوە. لە هەمانکاتدا پۆڵەندایان کردە ئەندامی کۆمەڵەی گەلان. دوو دەوڵەتی نوێ؛ عێراقی بەریتانیا و سوریای فەرەنسا، هەروەها میراتگرانی دوو دەوڵەتی کۆن؛ تورکیا و ئێران وەک فەرمانڕەوای وڵاتی کورد دامەزران و جێگیرکران.
تۆڕی زانیاری کوردی - ئەمەریکی داوایەکیان لە کوردستانیان و رای گشتی هەیە و دەڵێن: ''داوا لە نوێنەرەکانتان بکەن لە رێگەی تەلەفۆن، ئیمەیڵ یان تویتەوە لەگەڵمان بن، داوا لە سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس بکەن نێردەی تایبەت بۆ چارەسەرکردنی پرسی 50 ملیۆن مرۆڤی کورد دیاری بکات لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە لە وڵاتی سەربەخۆ بێبەش کراون. ئاڵای شەرەف و ئازادی لە سەرتاسەری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەڵبکەن و داوا لە نوێنەرە هەڵبژێردراوەکانتان بکەن پشتگیری لە دانانی نوێنەری تایبەت بۆ پرسی کورد لە نەتەوە یەکگرتووەکان بکەن.''
پەیماننامەی لۆزان لە 24/7/1923، لە شاری لۆزان لە وڵاتی سویسراو لە نێوان وڵاتانی (بەریتانیا، فەڕەنسا، ژاپۆن، رۆمانیا، سربیا، كرواتیا، سلۆڤێنیا، یۆنان و توركیا) هاتە ئاراوە.
کوردستانیان لە بیرەوەری پەیماننامەی لۆزان دا چالاکی جۆربەجۆر بەڕێوەدەبەن و بەم چەشنە دژایەتی خۆیان لەگەڵ ئەو پەیماننامەیە دەردەبڕن کە پێیان وایە بەهۆی ئەو پەیماننامەیەوە، لە داڕشتنەوەی ناوچەکە پاش جەنگی یەکەمی جیهانی ستەمێکی زۆر لە کورد کراوە و دەرئەنجامی پەیماننامەکەش ناسەقاگیری و کوشتار و نادادپەروەری لە کۆی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی و لە کوردستان بە تایبەتی پەرەی پێدراوە.