هەنار تەها: بە پاڵپشتی خێزانەکەم توانیم خەونی منداڵیم بەدی بهێنم
K24 - هەولێر:
هەنار تەها نووری، قوتابییەکی سنووری قەزای چەمچەماڵە و یەکێکە لە قوتابییە یەکەمەکانی پۆلی 12ـی ئامادەیی، دوای وەرگرتنەوەی ئەنجامی تاقیکردنەوەکان دەڵێت: بە پاڵپشتی خێزانەکەم توانیم خەونی منداڵیم بەدی بهێنم.
هەنار تەها بە کۆنمرەی 682 و تێكڕای %97.43 توانی پلەی یەکەم بەدەست بهێنێت لەسەر ئاستی وێژەیی لە هەرێمی کوردستان.
دوای راگەیاندنی ئەنجامەکان، پەیامنێری کوردستان24 سەردانی ماڵی ئەو قوتابییەی کرد و لەرێگەی کوردستان24ـەوە خۆشحاڵی خۆی بۆ بەدەستهێنانی ئەو نمرە بەرزە دەربڕی و باسی لە ئەزموونی خۆی کرد لەماوەی سێ ساڵی خوێندنیدا.
ئەو قوتابییە بە کوردستان24ـی راگەیاند: بە پاڵپشتی خێزانەکەم و هەوڵ و ماندووبوونی خۆم توانیم خەونی منداڵیم بەدی بهێنم.
هەنار عەتا کە قوتابی ئامادەیی مەستورەی کچانە لە قەزای چەمچەماڵ، سوپاسی بەڕێوەبەر و مامۆستاکانی کرد لەپای بڕوابوونیان پێی و پشتیوانیکردنیان لە سێ ساڵی خوێندنیدا.
سەبارەت بە پلانی داهاتووی خۆی، ئەو قوتابیە دەڵێت: دەمەوێت بچمە کۆلێژی یاسا و ببمە پارێزەر، تا خزمەتی وڵاتەکەم بکەم.
هەنار تەها باوکی لە ژیاندا نەماوە و بە هاوکاری دایک و براکانی درێژەی بە خوێندنەکەی داوە.
ئەمڕۆش مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان یەکەیەکی نیشتەجێبوونی کردە دیاری بۆ خانەوادەی ئەو قوتابییە.
مامۆستا لەمیعە مەحموود، بەڕێوەبەری ئامادەیی مەستورەی کچان لەوبارەیەوە بە کوردستان24ـی راگەیاند، هەنار عەتا سێ ساڵی خوێندنی ئامادەیی، بەردەوام پلەی یەکەمی بەدەستهێناوە، هەرچەندە تا ئێستا مامۆستای تایبەتی نەبووە، بەڵام بەهۆی هەوڵ و کۆششی خۆی و پاڵپشتی خێزانەکەی، توانی نمرەیەکی زۆر بەرز بەدەستبهێنێت.
عەبدوڵڵا حەمە كاكە رەش، بەڕێوەبەری پەروەردەی چەمچەماڵ بە کوردستان24ـی راگەیاند، ساڵانی رابردوو، لەنێو قوتابییانی سنووری چەمچەماڵ پلەی دووەم، سێیەم، چوارەم لەسەر ئاستی خوێندی زانستی و وێژەیی و پیشەیی لە هەرێمی کوردستان هاتووە، ئەمساڵیش قوتباییەکەی چەمچەماڵ لەسەر ئاستی وێژەیی لە پۆلی 12، پلەی یەکەمی بەدەستهێناوە و جێی خۆشحاڵی ئێمەیە.