ژمارە 200 کۆدی چوونی ئێمباپێیە بۆ ریاڵ مەدرید

کیلیان ئێمباپێ
کیلیان ئێمباپێ

چیرۆکی نێوان ریاڵ مەدرید و ئێمباپێ وەکو مار و پەیژەی لێهاتووە، پاریس سانجێرمان ئامادە نییە بە کەمتر لە 200 ملیۆن یۆرۆ دەستبەرداری ئێمباپێ بێت و ریاڵ مەدریدیش ئامادە نییە ئەو بڕە پارەیە بە ئێمباپێ بدات.
بەرنامەی ئێلچێرێنجیتۆی ئیسپانی ئاشکرایکردووە، پاریس سانجێرمان ئامادە نییە بە کەمتر لە 200 ملیۆن یۆرۆ دەستبەرداری کیلیان ئێمباپێ بێت، ریاڵ مەدریدیش لەبەر ئەوەی هاوینی داهاتوو ئێمباپێ گرێبەستەکەی لەگەڵ پاریس کۆتایی دێت، ئامادە نییە ئەم هاوینە 200 ملیۆن یۆرۆ بە ئێمباپێ بدات و پێی باشترە تاکو کۆتایی هاتنی گرێبەستەکەی ئێمباپێ چاوەڕێ بکات کە ساڵێک لە گرێبەستەکەی ماوە.
بەگوێرەی سەرچاوەی میدیا ئیسپانییەکان، جگە لەوەی ریاڵ مەدرید و پاریس سانجێرمان ناکۆکن، دایکی ئێمباپێش ئامادە نییە دەستبەرداری ئەو 60 ملیۆن یۆرۆیە بێت کە وەکو شیرینی نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی دەبێت هاوینی داهاتوو پاریس بە دایکی ئێمباپێی بدات کە بەڕێوەبەری کارەکانی کوڕەکەیەتی.
لەلایەکی دیکەوە تۆماس گۆنزالێس مارتن رۆژنامەنووسی ئیسپانی رایگەیاندووە، ریاڵ مەدرید هیچ هەوڵێک بۆ گواستنەوەی ئێمباپێ نادات تاکو ئەو هێرشبەرە فەرەنسییە بە ئاشکرا ئارەزووی خۆی بۆ چوونی بۆ ریاڵ مەدرید رانەگەیەنێت، ئەگەر ئێمباپێ ئەم کارە بکات ئەوا تاکو هەینی ریاڵ مەدرید هەموو کارێک یەکلا دەکاتەوە و گرێبەستی ئێمباپێ رادەگەیەنێت.