سوودانی گۆڕانکاری لە ژمارەیەک پۆستی ئەمنیدا دەکات

محه‌ممه‌د شیاع سوودانی، سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق
محه‌ممه‌د شیاع سوودانی، سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق

K24 – هەولێر:

سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان، محەمەد شیاع سوودانی، فەرمانی گۆڕانکاری لە هەندێک پۆستی ئەمنی دەرکرد.

ئەمڕۆ چوارشەممە (5ـی تەمموزی 2023)، گوتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان، یەحیا رەسووڵ، بە ئاژانسی هەواڵی عێراقییەی راگەیاند، "بەپێی بەرنامەی حکومەت و ئەولەویەتەکانی پەیوەست بە چاکسازیی کارگێڕی لە دامودەزگا ئەمنییەکان، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان، فەرمانی گۆڕانکاری لە هەندێک پۆستی ئەمنی دەرکرد".

ئاماژەی بەوەشکرد "ئەمە بە ئامانجی پێدانی دەرفەتە بە سەرکردەکانی دیکە بۆ بەڕێوەبردنی دۆسیەی ئەمنی و بەرزکردنەوەی ئەدای دامەزراوە ئەمنییەکان.

گوتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان، جەختی لەوەشکردەوە، "ئەم هەنگاوە دوای لێکۆڵینەوەیەکی بەرفراوان دێت بۆ بەرزکردنەوەی ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچە جیاجیاکانی وڵات، هەروەها بۆ پێداویستیەکانی بەرژەوەندی گشتی، کە پێویستی بە کارکردن هەیە بەپێی دیدگایەکی پیشەیی لەگەڵ سەرکردە ئەمنییەکانی نوێ و کارامە.

یەحیا رەسوڵ ،ئەوەشی خستەڕوو، سوودانی هەوڵەکانی ئەو سەرکردانەی بەرز نرخاندووە کە لە ماوەی پێشوودا لە پۆستەکانیان خزمەتی بەردەوامیان کردووە.