شاخەوان عەبدوڵڵا: کێشەی جووتیارانی دیبەگە و کەندیناوە چارەسەر دەکرێت
"پەیوەندیم بە سەرۆکوەزیران و وەزیری کشتوکاڵی عێراق کردووە"

K24 – هەولێر
جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیەنێت، سەبارەت بە کێشەی جووتیارانی دیبەگە و کەندیناوە لە وەرگرتنی گەنمەکانیان، پەیوەندی بە سەرۆکوەزیرانی عێراقەوە کردووە و فەرمانی داوە گەنمەکەیان وەربگیرێت و کێشەکەیان چارەسەر بکرێت.
شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بڵاویکردەوە: "دواى گەیشتنی سکاڵای جووتیارانی دیبەگە و کەندیناوە و بناری چیای قەرەچوغ بەوەی زیاد لە 15 رۆژە رێگریان لێدەکرێت لە وەرگرتنی گەنمەکانیان، پەیوەندیم لەگەڵ سەرۆکوەزیران و وەزیری کشتوکاڵ و بازرگانی عێراق کرد و ئەو ناعەدالەتیەمان گەیاندە بەغدا دواجار سەر لەبەیانی ئەمڕۆ سەرۆکوەزیرانی عێراق پەیوەندی کرد کە فەرمانی داوە ئەو گەنمە وەربگیرێت و کێشەکەیان کۆتایی پێبێت".
ئاماژەی بەوەشکردووە: "لەبارەی سەرگەڕان و توبزاوەش، بڕیاری دروستکردنی لیژنەیەکی باڵا درا بۆ ئەوەی بەپەلە سەردانی ئەو ناوچە بکەن و سەرجەم بەربەستەکانی بەردەم جووتیاران هەڵبگیرێت".