کارگەی بەرهەمهێنانی ئۆکسجین لە شەقڵاوە کرایەوە

K24 - هەولێر

بە ئامادەبوونی وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کارگەی دامەزراندن و دابەشکردنی سیستەمی ئۆکسجین لە نەخۆشخانەی گشتی شەقڵاوە کرایەوە.

د. سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا گوتی: ئامادەبووین لە کردنەوەی پرۆژەیەکی تەواوکراو و نوێ، ئەویش پرۆژەی دامەزراندن و دابەشکردنی سیستەمی ئۆکسجین و سیستەمی هەوای پزیشکیی و راکێشانی ئەنڤاکیومە، کە بەکاردێت بۆ نەخۆش لە هۆڵی نەشتەرگەری و لە چاودێری چڕ.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمەش بۆ ئەوەیە تاوەکو ئەو سیستەمەی پێشووتر کە بوتڵی ئۆکسجین بوو نەمێنێت، دەشڵێت: سیستەمەکە لە دووبەش پێکهاتووە، بەشێکیان ئۆکسجینە لە رێگەی تانکی ئۆکسجینەوە کە ئێمە لە رابردوودا لەسەردەمی کۆرۆنا ئەزموونی باشمان لێوەرگرتووە.

راشیگەیاند، سیستەمی دامەزراندنی کارگەکە بۆ بەرهەمهێنانی ئۆکسجینە، ئەم سیستەمە دابەش دەبێت بەسەر زیاتر لە 70 قەرەوێڵەی نەخۆش، هەروەها بەسوودە بۆ هۆڵی نەشتەرگەری، رەنگە پێویستی بە گواستنەوەی نەخۆشیش نەکات بۆ ناو شاری هەولێر، چونکە پێشتر ئەو نەخۆشانەی باری تەندروستیان ناجێگیر بوو دەگوازارانەوە بۆ سەنتەری شارەکان، بەڵام بەهۆی بوونی ئەو سیستەمە ئەو گواستنەوە نامێنێت.

د. سامان بەرزنجی، گوتیشی: وێرای کردنەوەی ئەو کارگەیە هەموو بەشەکانی نەخۆشخانەکەمان بەسەرکردەوە، دەتوانین بە هاووڵاتیانی سنووری قەزای شەقڵاوە بڵێین، ئێستا شەقڵاوە خاوەنی خزمەتگوزاری پێشکەوتووی تەندروستییە، بەخۆشحاڵیەوە 15 بۆ 20 جۆر نەشتەرگەری لەو نەخۆشخانەیە دەکرێت، ئەوەش پێمان دەڵێت، کە کابینەی نۆیەم یەکێک لە درووشمەکانی هاوسەنگی و یەکسانییە لە گەیاندنی خزمەت گوزاریی تەندروستی و ئەنجامیداوە.