ئەندامێکی لیژنەی نەوت و وزە: لەوانەیە نەوتی هەرێمی کوردستان هەناردەی ئێران و ئوردن بکرێت
"یەک بەرمیل نەوتیش هەناردە نەکرێت بەغدا شایستە داراییەکانی هەرێم هەر دەنێرێت"
K24 - هەولێر
ئەندامێکی لیژنەی نەوت و وزەی پەرلەمانی عێراق بە دووری نازانێت هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ ئێران و ئوردن ببێتە بەشێک لەو رێککەوتنە ئابوورییەی دوێنێ سێشەممە لە نێوان بەغدا و تاران واژوو کرا. دووپاتیشی دەکاتەوە، حکومەتی عێراق پابەندە بە ناردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کورستان "تەنانەت ئەگەر یەک بەرمیل نەوتی هەرێمیش هەناردە نەکرێت".
ئەمڕۆ چوارشەممە 12ـی تەممووزی 2023، سەباح سوبحی، ئەندامی لیژنەت نەوت و وزە لە پەرلەمانی عێراق لەمیانی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی "ئەمڕۆ"ـی کوردستان24؛ رایگەیاند، بەهۆی ئەوەی لە بەغدا و بەشێک لە شارەکانی باشووری عێراق پێدانی کاتژمێرەکانی کارەبا کەمیکردووە و پلەکانی گەرماش بەرزبووەتەوە، مەترسی ئەنجامدانی خۆپیشاندان لەلایەن دانیشتووانی ئەو شارانە هەیە، ئەمەش وایکرد حکومەتی عێراق هەنگاو بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانە بنێت و ئەو بڕی گازی پێویستە بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا، دابین بکات.
کڕینی گاز لە کێڵگەی کۆرمۆر لەلایەن وەزارەتی نەوتی عێراقەوە
بەگوێرەی راگەیەندراوێکی نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق، کە دوێنێ سێشەممە دەرچووە؛ ئەنجوومەنی وەزیران رێگەی بە وەزارەتی نەوتی داوە گاز لە کێڵگەی نەوتی کۆرمۆر لە هەرێمی کوردستان بکڕێت، بۆ چارەسەرکردنی ئەو قەیرانی کارەبایەی وڵاتەکەی گرتووەتەوە.
ئەو ئەندامەی لیژنەی نەوت و وزە لەوبارەوە رایدەگەیەنێت، کێڵگەی کۆرمۆڕ رۆژانە نزیکەی 452 بۆ 460 ملیۆن مقمق بەرهەمدەهێنێت و سەدا 80ـی بەرهەمەکەی بۆ دابینکردنی کارەبای هەرێمی کوردستان خەرج دەکرێت و تەنها سەدا 20ـی دیکە دەمێنێتەوە، بۆیە وەکو خۆی دەڵێت، بڕیارەکەی حکومەتی عێراق تا چەند دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، دیار نییە و "گومانم لە جێبەجێکردنی بڕیارەکانی سوودانی هەیە".
رێککەوتنی تاران و بەغدا بۆ چارەسەکردنی کێشەی کەمی کارەبا لە عێراق
دوێنێ سێشەممە نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، عێراق و ئێران رێککەوتنێکیان لەبارەی ئاڵوگۆڕکردنی گازی هاوردەکراو لە ئێران بەرامبەر بە نەوتی خاوی عێراق واژووکرد کە بەپێی رێککەوتنە گازی هاوردەکراو لە ئێران کە بۆ کارپێکردنی وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا بەکاردەهێندرێت، بە نەوتی خاوی عێراق و نەوتی رەش ئاڵوگۆڕ دەکرێت.
سەباح سوبحی پێیوایە ئەو رێککەوتنەی حکومەتی عێراق لەگەڵ ئێران واژووی کردووە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کارەبا و کڕینی گازی کێڵگەی کۆرمۆر، "کێشەی کەمی بەرهەمهێنانی کارەبا چارەسەر ناکەن. لە ساڵی 2003 بەدواوە بەردەوام کێشەی کەمی کارەبا لە عێراق هەیە و بەردەوام گازی سروشتی بەفیڕۆ دەدرێت، کەچی ئێستا چەند رێککەوتنێکیان لەگەڵ کۆمپانیای تۆتاڵ ئێنێرجی فەرەنسی واژووکردووە بۆ سوودوەرگرتن لەو گازە سروشتییەی بەفیڕۆ دەدرێت".
ئەو ئەندامەی لیژنەی نەوت و وزەی پەرلەمانی عێراق روونیشیکردەوە، لەوانەیە نەوتی هەرێمی کوردستان ببێتە بەشێک لە رێککەوتنەکەی بەغدا و تاران، ، بە شێویەک ئەو بڕە نەوتە زیادەی هەرێم کە ماوەتە لەرێگەی تانکەرەوە هەناردەی ئێران یان ئوردن بکرێت. محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، وەکو ئەوەی سەباح سوبحی باسی کرد، بەدوای رێگەچارەیەک دەگەڕێت بۆ بەکارهێنانی 400 هەزار بەرمیل نەوتەکەی هەرێمی کوردستان، "چونکە تا ئێستا تورکیا ئامادەیی خۆی بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم و کەرکووکی نیشاننەداوە".
شەش رۆژە نەوتی هەرێمی کوردستان هەناردەی پاڵاوگەکانی بێجی دەکرێت
رۆژی 25ـی مانگی ئاداری 2023، هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان و کەرکووک بەهۆی بڕیارێکی دادگەی نێوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە پاریس راگیرا. دواتر رۆژی 04ـی نیسانی 2023، بە ئامادەبوونی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، رێککەوتنێک واژۆکرا، کە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێبکاتەوە، بەڵام تا ئێستا هەناردە نەکراوەتەوە.
شەش رۆژە وەزارەتی نەوتی عێراق وەک یەکەم هەنگاو بۆ بەکارهێنانی نەوتی هەرێمی کوردستان، رۆژانە بڕی 150 هەزار بەرمیل نەوت بۆ کاروباری ناوخۆیی بەکاردەهێنێت و دەنێردرێتە پاڵاوگەکانی پارێزگای بێجی.
لەوبارەوەی سەباح سوبحی ئاماژەی بەوە دا، پێشتر رۆژانە 150 هەزار بەرمیل نەوت لە پارێزگای بەسرەوە هەناردەی پارێزگای بێجی دەکرا و تێچووی گواستنەوەی زۆربوو، بۆیە بڕیادرا نەوتەکە لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ پاڵاوگەی بێجی هەناردە بکرێت، بەمەش تێچووی گواستنەوەکەی لەسەر حکومەتی عێراق کەمبووەوە.
ناردنی شایستە داراییەکانی هەرێم و سەردانی شاندەکەی حکومەت بۆ بەغدا
بەگوێرەی ماددەی 12ـی یاسای بودجەی عێراق کە بۆ ساڵانی دارایی 2023، 2024 و 2025ـە، پێویستە رۆژانە بە هەماهەنگی لەگەڵ کۆمپانیای سۆما، 400 هەزار بەرمیل نەوتی هەرێمی کوردستان رەوانەی بەندەری جەیهانی تورکیا بکرێت یان لەناوخۆیی عێراقدا بدرێتە پاڵاوگەکان و بەکاربهێندرێت.
لەبارەی ناردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە، سەباح سوبحی روونیکردەوە، "بەهۆی ئەوەی یاسای بودجە پەسەندکراوە و پشکی هەرێم لە یاساکەدا جێگیرکراوە، هیچ کێشەیەک لە ناردنی مانگانەی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن بەغداوە نییە و ئەوەی لەسەرمان پێویستە، تەنها هەماهەنگیکردنە لەگەڵ حکومەتی عێراق".
وەکو ئەوەی سەباح سوبحی لە بەشێکی قسەکانیدا گوتی، "یەک بەرمیل نەوتی هەرێمی کوردستانیش نەچێتە تورکیا و هەناردە نەکرێت، حکومەتی فیدراڵی پابەندە بە ناردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان و هەر دەینێرێت، چونکە ئەمە لە یاسای بودجەدا جێگیکراوە."
رۆژی سێشەممە 11ـی تەممووزی 2023، ئومێد سەباح، سهرۆكی دیوانی ئهنجوومهنی وهزیرانی ههرێمی كوردستان بە کوردستان24ـی گوت، بڕیار وایه له كۆتایی ئهم ههفتهیه یان له سهرهتای ههفتهی داهاتوو شاندێکی حكومهتی ههرێمی كوردستان سهردانی بهغدا بكات و دهست به ههنگاوه كردهییهكان بۆ جێبهجێكردنی یاسای بودجه بكرێت. گوتیشی، ههرێمی كوردستان سهرهڕای تێبینییهكانی لهبارهی یاسای بودجه، بهڵام رێككاری یاساییش لهو بارهیهوه دهگرێتهبهر.
شاندەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان وەکو ئەوەی سەباح سوبحی باسی دەکات، بۆ تاوتوێکردنی سێ بابەت دەچێتە بەغدا؛ ساخکردنەوەی 400 هەزار بەرمیل نەوتەکەی هەرێمی کوردستان، ئەو رێنماییانەی لەبارەی یاسای بودجەوە دەردەچن و یاسای نەوت و گاز، "کە ئێستا قۆناغی نووسینی یاساکەیە و گرنگترین یاسایە لەدوای یاسای بودجە و چارەنووسی میللەت لەسەر ئەو یاسایە دەوەستێت."