نەوزاد شێخ کامیل: لەگەڵ دوو کۆمپانیای ناوخۆی هەرێم رێککەوتووین لە 16ـی مانگەوە گەنم لە جووتیاران وەربگرن

نەوزاد شێخ کامیل
نەوزاد شێخ کامیل

K24 - هەولێر:

دوای گردبوونەوەی جووتیارانی سنووری پارێزگای هەولێر، بەهۆی ئەوەی لە سایلۆکان گەنمیان لێ وەرنەگیراوە، بەڕێوەبەری بازرگانی هەرێم ئاشکرایکرد، لەگەڵ دوو کۆمپانیای ناوخۆی هەرێم رێککەوتوون لە 16ـی مانگەوە گەنم لە جووتیاران وەربگرن.

نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری بازرگانی هەرێم بە کوردستان24ی راگەیاند، بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ئەو جووتیارانەی هێشتا گەنمەکەیان وەرنەگیراوە لەگەڵ وەزارەتی بازرگانی عێراق لەپەیوەندیدان و دوای کۆتایهاتنی وەرزی بەبازاڕکردنی گەنم وەزارەتی بازرگانی عێراق بڕیار لەبارەی ئەو جووتیارانەوە دەدات.

راشیگەیاند، بە نزیکەیی 150 هەزار تۆن گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان ماوە و هێشتا وەرنەگیراوە، هەربۆیە وەک پلانی جێگرەوە لەگەڵ دوو کۆمپانیای ناوخۆی هەرێم رێککەوتوون 200 هەزار تۆن گەنم لە جووتیاران وەربگرن.

روونیشیکردەوە، بەپێی ئەو بەرنامەیەی وەزارەتی بازرگانی عێراق دایناوە، ئەو بڕە گەنمەی بۆ جووتیارانی هەرێمی کوردستان دیاریکراوە کە لێیان وەربگیرێت، 500 هەزار تۆنە، دوا مۆڵەتیش بۆ وەرگرتنی ئەو گەنمە رۆژی شەممە 15ـی مانگە، لەو بڕە تا ئیستا زیاتر لە 486 هەزار تۆن گەنم وەگیراوە.