بڵند ئازاد بۆ ماوەی دوو ساڵ گرێبەستی لەگەڵ دێ گرافشاپی هۆڵەندی واژۆ کرد

بڵند ئازاد لەکاتی واژۆکردنی گرێبەستەکەی
بڵند ئازاد لەکاتی واژۆکردنی گرێبەستەکەی

بڵند ئازاد یاریزانی لاوی کورد یەکەم گرێبەستی پیشەگەری لە کاروانی وەرزشی خۆی واژۆ کرد و بۆ ماوەی دوو ساڵ گرێبەستی لەگەڵ یانەی دێ گرافشاپی هۆڵەندی واژۆ کرد.

یانەی دێ گرافشاپی هۆڵەندی کە لە خولی پلەیەکی هۆڵەندا بەشداریی دەکات، بەفەرمی گرێبەستی بڵند حەسەن یاریزانی 19 ساڵانی راگەیاندووە کە وەرزی رابردوو لەگەڵ تیپی لاوانی یانەکە یاریی دەکرد، بەڵام دوای گەڕانەوەی لە جامی ئۆڵمپی رۆژئاوای ئاسیا کە لەگەڵ هەڵبژاردەی خوار 23 ساڵانی عێراق نازناوەکەیان بەدەستهێنا، بڵند ئازاد بۆ تیپی یەکەم سەرخرا.

کوڕە کوردەکە دوای واژۆکردنی گرێبەستەکەی لەگەڵ یانە هۆڵەندییەکە لە لێدوانێکی بۆ ماڵپەڕی یانەکەی دەڵێت: من زۆر دڵخۆشم بە واژۆکردنی یەکەم گرێبەستم لەگەڵ یانەی دێ گرافشاپ، بەڵام ئەمە تەنیا سەرەتایە و هێشتا زۆر ئامانجی دیکەم ماوە و پیویستە ئەم وەرزە زۆر خۆم ماندوو بکەم بۆ ئەوەی ئامانجەکانم بەدەست بهێنم، من ئامادەم هەموو شتێک لەپێناوی یانەکەم بکەم بۆ ئەوەی دەستکەوتەکان بەدەست بهێنین'.

بڵند ئازاد لە یارییە ئامادەکارییەکانی ئەم هاوینە لەگەڵ تیپی یەکەمی دێ گرافشاپ ئاستێکی بەرز پێشکەش دەکات و بووەتە جێگای سەرنجی میدیاکانی هۆڵەندا و بووە هۆی ئەوەی یانە هۆڵەندییەکە یەکەم گرێبەستی پیشەگەری لەگەڵ واژۆ بکات.