سەندیکای ژمێریاران و وردبینانی کوردستان ئامادەکاری بۆ ئەنجامدانی دووەمین کۆنگرەی دەکات
K24 – هەولێر:
وابڕیارە لە کۆتایی ئەم مانگە سەندیکای ژمێریاران و وردبینانی کوردستان، دووەمین کۆنگرەی خۆی ئەنجام بدات و ئێستاش سەرقاڵی هەڵبژاردنی ئەندامانی کۆنگرەن لە رێگەی کۆنفراسی لقەکانەوە.
رۆژی هەینی (14ـی تەمموزی 2023)، هێمن شوکر محەممەد، سەرۆکی لیژنەی باڵای ئامادەکاری دووەمین کۆنگرەی سەندیکای ژمێریاران و وردبینانی کوردستان بە کوردستان24ـی راگەیاند، سبەی شەممە کۆنفراسی لقی هەولێر بۆ هەڵبژاردنی 100 ئەندامی کۆنگرە بەڕێوەدەچێت کە 175 ئەندامی سەندیکا خۆیان کاندید کردووە.
هێمن شوکر محەممەد ئاماژەی بەوەشکرد، کۆنگرە لە 26 و 27ـی ئەم مانگە لە هەولێر بەڕێوەدەچێت و لە کۆنگرەدا وێڕای هەموارکردنەوە پەیڕەوی ناوخۆی سەندیکا و خۆنوێکردنەوە و خۆگونجاندن لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی ئێستای هەرێمی کوردستان، نەقیبی سەندیکا و نۆ ئەندامی دەستەی باڵای سەندیکا هەڵدەبژێردرێن.
سەرۆکی لیژنەی باڵای ئامادەکاری دووەمین کۆنگرەی سەندیکای ژمێریاران و وردبینانی کوردستان باسی لەوەشکرد، سبەی شەممە لە کاتژمێر 8ـی بەیانی تاوەکو 6ـی ئێوارە، کۆنفرانسی لقی هەولێر بۆ هەڵبژاردنی ئەندامانی کۆنگرە بەڕێوەدەچێت کە زیاتر کە دوو هەزار و 370 ئەندامی سەندیکا مافی دەنگدانیان هەیە.
هاوکات رۆژی پێنجشەممە (13ـی تەمموزی 2023) لە لقی دهۆکی سەندیکای ژمێریاران و وردبینانی کوردستان، پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەندامانی کۆنگرە بەڕێوەچوو کە لە کۆی 61 کاندید، 30 ئەندام بۆ کۆنگرە هەڵبژێردران کە پێنج کاندیدیان بە کۆتای ئافرەتان هەڵبژێردران.
بەگوێرەی راگەیەندراوی سەندیکا، لە لقی دهۆک هەزار و 410 ئەندامی سەندیکا مافی دەنگدانیان هەبووە و هەزار 151 ئەندامیان بەشداری پرۆسەی دەنگدانیان کردووە و رێژەی بەشداریکردن گەیشتووەتە 81.68%. کە پرۆسەکەش بە ئامادەبوونی نوێنەری پارێزگاری دهۆك لە بەشی کۆمەڵەکان و یاسایی و لایەنی سەرپەریشتیاری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی ئۆفیسی دهۆک، بەڕێوەچووە.
سەندیکای ژمێریاران و وردبینانی کوردستان بەپێی یاسای ژمارە 18ـی ساڵی 2000 دامەزراوە و دەرچووانی زانکۆ لە بوارەکانی ژمیریاری، دارایی بانک و کارگێری کار لەو سەندیکایە دەبنە ئەندام و بەپێی زانیارییەکانی کوردستان24 تاوەکو ئێستا نزیکەی 30 هەزار ئەندامی هەیە، بەڵام بەپێی پەیڕەوی ناوخۆ و رێنماییەکانی لیژنەی باڵای ئامادەکاری کۆنگرەی ئەو سەندیکایە بەشێک لەو ئەندامانە مافی دەنگدانیان هەیە بۆ خۆکاندیدکردن و هەڵبژاردنی ئەندامانی کۆنگرە.
واشبڕیارە دووەمین کۆنگرەی سەندیکای ژمێریاران و وردبینانی کوردستان بە بەشداری 163 ئەندامی کۆنگرە لە (26 و 27ـی تەمموزی 2023) لە شاری هەولێر بەڕێوەبچێت.