له كابینه‌ی نۆیه‌مدا 80 قوتابخانە و باخچەی منداڵان دروست كراون و 13000ـی دیكه‌ش نۆژەن كراونه‌تەوە

K24 – هەولێر:
یه‌كێك له كۆڵه‌كه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی هۆشیار و پێشكه‌وتوو، بوونی په‌روه‌رده‌یه‌كی گونجاوه له چوارچێوه‌ی پڕۆگرامێكی ئاستبه‌رز كه له یه‌ك كاتدا ڕه‌نگدانه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه و پێشكه‌وتنه‌كانی زانست و ته‌كنه‌لۆژیا بێت، له‌و چوارچێوه‌یه‌دا وەزارەتی پەروەردەی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له كابینه‌ی نۆیه‌م و له‌م روانگه‌یه‌وه، كۆمەڵێك كار و چالاكیی ستراتیژیی پەروەردەیی لەم سێکتەرەدا جێبەجێ کردووە.
یه‌كێك له هه‌نگاوه گرنگه‌كان كه وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بەمەبەستی چاكسازی و گۆڕانكاری زیاتر لە كه‌رتی پەروەردە و خوێندن و باشتركردنی كوالێتیی خوێندن بۆ سەرجەم گرووپ و پۆلێنه جیاوازەكانی قوتابيیان، بریتییه له پێداچوونەوە بە پڕۆگرامەكانی خوێندن و بەدیجیتاڵكردنیان، له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا لە بواری ژێرخانی پەروەردەییدا، 80 قوتابخانە و باخچەی منداڵان دروست كراون، هاوكات زیاتر لە 10 قوتابخانەی دیكه‌یش زۆریان نه‌ماوه ته‌واو بن و كاركردن تێیاندا به‌رده‌وامه، هه‌روه‌ها له میانی ئه‌و پڕۆسه‌یه‌دا 1300 قوتابخانە و باخچەی ساوایان نۆژەن كراونه‌تەوە و 238 ژووری نوێی خوێندن دروست كراون و تا كۆتاییی ئەمساڵ 167 ژووری دیكە دروست دەكرێن و بۆ وه‌رزی خوێندن سوودیان لێ وه‌رده‌گیردرێت.
بواری راهێنانی په‌روه‌رده‌یی ئامرازێكی كاریگه‌ره بۆ پێشختنی په‌روه‌رده و رۆڵه‌كه‌ی له پێشكه‌وتنی كۆمه‌ڵگه‌كاندا، له‌و چوارچێوه‌یه‌دا له ماوه‌ی كابینه‌ی نۆیه‌مدا توانراوه ستراتیژی حه‌وت ساڵی راهێنان و مهشقپێدانهوهی مامۆستایان بۆ ماوه‌ی ساڵانی 2023 تاوه‌كوو 2023 دانبرێت، به‌شێوه‌یه‌ك له ئه‌یلوولی ئه‌م ساڵه‌وه بۆ گەشەپێدانی توانای مامۆستایانی کەرتی گشتی جێبه‌جێ ده‌كرێت.
له كابینه‌ی نۆیه‌مدا هه‌وڵ دراوه پاڵپشت به پێشكه‌وتنی زانسته جۆراوجۆره‌كان پڕۆگرامه‌كانی ناوه‌نده‌كانی خوێندن پێداچوونه‌وه‌یان بۆ بكرێت و گۆڕانكاریان به‌سه‌ردا بێت، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش چەندین پڕۆگرامی نوێی خوێندن لە کابینەی نۆیه‌م کەوتوونەتە بواری جێبەجێکردن و دەیان پڕۆگرامی دیکەش نۆژەن کراونەتەوە و گۆڕانکاریی ریشه‌ییان تێدا کراوە.
به‌شێوه‌یه‌كی گشتی له ماوه‌ی كابینه‌ی نۆیه‌مدا 40 پڕۆگرامی خوێندن پێداچوونه‌وه‌یان بۆ كراوه و گۆڕانكارییان به‌سه‌ردا هاتووه، هاوكات له ئێستادا بۆ هه‌مان مه‌به‌ست35 ناونیشانی دیكه كاریان له‌سه‌ر ده‌كرێت.
له‌لایه‌كی دیكه‌وه سه‌باره‌ت به دجیتاڵكردنی كاروباره‌كانی په‌روه‌رده، توانراوه سه‌رجه‌می كاروباره‌كانی ئه‌و كه‌رته له‌وانه‌ش داتای قوتابخانە، مامۆستایان، فەرمانبەران، قوتابیيان، کۆگا و کەلوپەل، پلاتفۆرمی راهێنان، پلاتفۆرمی وانەی ئەلیکترۆنی، پلاتفۆرمی ژمێریاریی خەرجی و داهات، واژۆ و په‌راوێز، ئەلیکترۆنیی دیوانی وەزارەتی پەروەردە و چەندین لایه‌نی دیكه به دجیتاڵ بكرێن.
دەستەی متمانەبەخشین کە ستانداردی گونجاو بۆ پڕۆسەی خوێندن لە هەرێمی کوردستان دادەنێت، لەسەر پێشنیاز و داواکاری سەرۆکوه‌زیران مه‌سرور بارزانی دامەزراوه و به‌شێكه له پێشخستنی كوالێتی، بە گوێرەی پڕۆژەی بونیاتنانی تواناکان کە ستانداردی بۆ قوتابخانە و مامۆستاش هەیە، ئەمساڵی خوێندن هەڵسەنگاندن بۆ هەموو ناوەندەکانی خوێندنی وەزارەتی پەروەدە ئەنجام داوە و قوتابخانه‌كانی بۆ چوار ئاست پۆلێن كردووه.