وەزارەتی دارایی عێراق رێنمایی جێبەجێکردنی بودجە دەداتە وەزارەتەکان

K24 – هەولێر
سبەی وەزارەتی دارایی عێراق رێنمایی جێبەجێکردنی بودجە دەداتە وەزارەتەکان.
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی عێراق بە کوردستان24ی راگەیاند، سبەی یەکشەممە 23/7/2023، لە وەزارەتی داراییەوە رێنمایی دەدرێت بە وەزارەتەکان بۆ جێبەجێکردنی یاسایی بودجە.
سەرچاوەیەکە راشیگەیاند، لە ئەگەری رێککەوتنی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق لەسەر بودجە و مووچە، کە بڕیارە سبەی لە بەغدا کۆببنەوە، هەمان ئەو رێنماییانەی جێبەجێکردنی بودجە بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستانیش رەوانە دەکرێنەوە.
ئەمە لەکاتێکدایە بڕیارە سبەی شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی بودجە و مووچە لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی عێراق، سەردانی بەغدا بکات.
پڕۆژەیاسای بودجەی عێراق لە 12/6/2023 بە زۆرینەی دەنگی پەرلەمانتارانی عێراق پەسندکرا، رۆژی 21ی حوزەیرانی 2023، لەتیف رەشید سەرۆککۆماری یاسای بودجەی گشتی واژۆ کرد و دواتر لە رۆژنامەی وەقایعی عێراق بڵاوکرایەوە.
قەبارەی بودجەی عێراق نزیکەی 199 ترلیۆن دینارە و زیاتر لە سەدا 90ـی داهاتەکەی پشتی بە نەوت بەستووە. هەروەها پشکی هەرێمی کوردستانیش بە سەدا 12.67. دیاریکراوە.