شاكر مه‌حمود میرانی: هه‌ڵمه‌تێكی وه‌رگرتنی DNA بۆ ناسینه‌وه‌ی قوربانیانی شنگال ده‌ستیپێكردووه
K24 - هەولێر:
له سنووری شنگال تا ئێستا 118 گۆڕی به‌كۆمه‌ڵ دۆزراوه‌ته‌وه و 370 روفات ده‌رهێنراون و 254ـیان راده‌ستی خانه‌واده‌كانیان كراوه‌ته‌وه و هه‌ر له شنگال به‌خاك سپێردرانه‌وه، هاوكات ئه‌فسه‌رێكی لێكۆڵینه‌وه رایده‌گه‌یه‌نێت، هه‌ڵمتێكی وه‌رگرتنی DNAـیان بۆ ناسینه‌وه‌ی روفاته‌كان ده‌ستیپێكردووه.
شاكر مه‌حمود میرانی، ئه‌فسه‌ری ده‌سته‌ی لێكۆڵینه‌وه له دهۆك تایبه‌ت به كوردستان24 رایگه‌یاند، هه‌ڵمه‌تێك بۆ وه‌رگرتنی سا‌مپڵی خوێنی كه‌سوكاری قوربانیانی شنگال له 22ـی ئه‌م مانگه‌وه ده‌ستیپێكردووه، گوتیشی، ئه‌و كاره له‌گه‌ڵ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پزیشكی دادی به‌غدا و ده‌زگای شه‌هیدان و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گۆڕی به‌كۆمه‌ڵ ئه‌نجام ده‌درێت و بنكه‌یه‌كی تایبه‌تیش بۆ ئه‌و مه‌به‌سته كراوه‌ته‌وه.
ناوبراو ئاماژه‌ی به‌وه كرد، ده‌ستنیشانكردنی DNA پڕۆسه‌یه‌كی ئاسان نییه و پێویستی به وه‌رگرتنی چه‌ندین خوێن هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌نجامێكی دروست به‌ده‌ستبێت، روونیشیكرده‌وه، تا ئێستا توانیویانه 370 روفات له گۆڕه به‌كۆمه‌ڵه‌كانی قوربانیانی ده‌ستی رێكخراوی داعش هه‌ڵبده‌نه‌وه، كه له ئه‌نجامدا ناسنامه‌ی 254 روفات ئاشكرا بووه و ناسراوه‌ته‌وه و راده‌ستی كه‌سوكاره‌كانیان كراوه‌ته‌وه و وه‌كو شه‌هید تۆماركراون.
هه‌روه‌ها سه‌رنجی بۆ ئه‌وه راكێشا، كه پشكنینی DNA ته‌نیا له به‌غدا ئه‌نجام ده‌درێت، روونیشیكرده سه‌باره‌ت به‌و بابه‌ته هه‌ماهه‌نگییه‌كی باش له‌نێوان ئه‌وان و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی پزیشكی دادی عێراقی هه‌یه و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش یاداشتێكی لێكتێگه‌یشتن له‌نێوانیاندا هه‌یه، گوتیشی، ریككه‌وتنێكی هاوشێوه‌ش له‌نێوان ئه‌وان و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گۆڕی به‌كۆمه‌ڵ هه‌یه كه هه‌موو زانیارییه‌كان له‌باره‌ی هه‌ر پشكنینێك ئاڵوگۆڕ ده‌كه‌ن.
له‌باره‌ی به هاوكارییه‌كانی دانیشتووانی كامپه‌كانیش، شاكر مه‌حمود میرانی گوتی، دانیشتووانی كامپه‌كان هاریكارن و سه‌ردانی بنكه‌كان و ده‌سته‌كان ده‌كه‌ن به‌مه‌به‌ستی دانانی سا‌مپڵی خوێن ئه‌وه‌ی له روفاته‌كان دڵنیا ببنه‌وه، گوتیشی، دوای ته‌واوبوونی وه‌رگرتنی سامپڵ له‌ناو كامپه‌كان، سه‌ردانی شنگالیش ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی له‌وێش سا‌مپڵی خوێنی دانیشتووان و خانه‌واده‌ی قوربانییه‌كان وه‌ربگرن.