بە فەرمانی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی 130 کەس وەک فەرمانبەر لە پارێزگای هەڵەبجە دادەمەزرێنرێن
K24 - هەولێر
بە فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان 130 کەس وەک فەرمانبەر لە پارێزگای هەڵەبجە دادەمەزرێن.
ئەمڕۆ دووشەممە 24ـی تەممووزی 2023، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند، بە مەبەستی گرنگیدان بە سێکتەری تەندروستی و لەپێناو سەلامەتیی گیانی هاووڵاتییان، لەسەر فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، 100 کەس وەک فەرمانبەری گرێبەست لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتییی تەندروستیی هەڵەبجە و 30 کەس وەک فەرمانبەری گرێبەست لە نەخۆشخانەی بیارە، سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی هەڵەبجە دادەمەزرێنرێن .
ئەمە لە کاتێکدایە، رۆژی دووشەممە 8ـی نیسانی 2023، د.سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە هەڵەبجە ئاماژەی بەوەکرد، حکومەتی هەرێم بودجەیەکی تایبەتی فریاکەوتن بۆ پارێزگای هەڵەبجە دابین دەکات و لەگەڵ وەزارەتی دارایی هەوڵدەدەن سەرجەم ئەو پێداویستییە پزیشکییانەی لە سنووری ئەو پارێزگایە پێویستن بۆیان دابینبکەن.
وەزیری تەندروستی گوتیشی: "هەوڵ و پاڵپشتیی تەواو دەدەین بۆ تەواوبوونی پڕۆسەی دامەزراندنی ئەو خۆبەخشانەی بڕیاری لە پێشینەیان هەیە بۆ دامەزارندیان لە ناو و سنووری پارێزگای هەڵەبجە."
سامان بەرزنجی ئەوەشی خستەڕوو: "رۆژانە لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی تەندروستیی پارێزگای سلێمانی لە پەیوەندیداین و ئەوەی لەدەستمان بێت وەکو حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەم پارێزگایە و سەرجەم پارێزگاکانی دیکەی هەرێمی کوردستان دەیکەین و ئەمە ئەرکی سەر شانی ئێمەیە."