کریستیانۆ رۆناڵدۆ ئەو رۆژنامەیە دەکڕێتەوە کە بەردەوام رەخنەی لێ دەگرت

کریستیانۆ رۆناڵدۆ دەیەوێت رۆژنامەیەکی پۆرتوگاڵی بکڕێت کە هەمیشە دۆن رەتیدەکردەوە دیمانە لەگەڵ ئەو رۆژنامەیە بکات و رۆژنامەکەی بە نەیاری خۆی دادەنا کە هەمیشە رۆژنامەکە هەواڵی نەرێنی لەبارەی دۆن بڵاو دەکردەوە.
رۆژنامەی ئێلپایسی ئیسپانی ئاشکرایکردووە، کریستیانۆ رۆناڵدۆ دەیەوێت بچێتە ناو بواری میدیا و بەنیازە گروپێکی میدیایی لە پۆرتوگاڵ بکڕێتەوە کە خاوەندارییەتی کۆمەڵێک رۆژنامە و گۆڤار دەکات، دۆن دەیەوێت رۆژنامەی کۆرێرۆ دێ مانهای پۆرتوگاڵی بکڕێتەوە کە لە ساڵانی رابردوو کریستیانۆ بایکۆتی رۆژنامەکەی کردبوو، چەند جارێکیش لە دادگا سکاڵای یاسایی لەسەر رۆژنامەکە تۆمارکرد.
رۆژنامەی کۆرێرۆ دێ مانهای پۆرتوگاڵی بەوە بەناوبانگە هەمیشە رەخنەی لە کریستیانۆ رۆناڵدۆ دەگرت و هەواڵی نەرێنی لەبارەی یاریزانە پۆرتوگاڵییەکە بڵاو دەکردەوە، بۆیە نازانرێت دۆن دەیەوێت تۆڵەی خۆی لە رۆژنامەکە بکاتەوە و بە کڕینەوەی بێدنەگی بکات، یانیش دەیەوێت لە بواری میدیا وەبەرهێنان بکات کە رۆناڵدۆ لە زۆربەی بوارەکاندا خاوەنی وەبەرهێنانی تایبەت بە خۆیەتی.