لە وڵاتێکی ئەفریقیا کودەتای سەربازی روویدا و ئەمەریکاش داوای ئازادکردنی سەرۆکی وڵاتەکە دەکات

کودەتاچییەکان
کودەتاچییەکان

K24 - هەولێر

ئێوارەی رۆژی چوارشەممە، سوپای نەیجر رایگەیاند، رژێمی محەممەد بازوم، سەرۆککۆماری نەیجەریان رووخاندووە، ئەوەش دوای چەند کاتژمێرێک هات لە دەستبەسەرکردنی بازوم لە کۆشکی سەرۆکایەتی.

کودەتاچییەکان لە نەیجەر داخستنی سنوورەکان و قەدەغەی هاتووچۆیان راگەیاندووە و تاوەکو کاتێکی نادیار.

عەقید مەیجور ئەمادۆ عەبدولرەحمان لەگەڵ نۆ سەربازی دیکەی رایگەیاند: "ئێمە هێزی بەرگری و ئاسایش کە لە ئەنجومەنی نیشتمانی بۆ پاراستنی نیشتمان کۆبووینەوە، بڕیارمانداوە کۆتایی بەو سیستەمە بهێنین".

ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەمە لە دوای بەردەوامی تێکچوونی دۆخی ئەمنی و خراپ بەڕێوەبردنی ئابووری و کۆمەڵایەتی دێت".

عەبدولرەحمان، پابەندبوونی ئەنجومەنەکەی بە رێزگرتن لە هەموو ئەو ئەرکانەی کە لەلایەن نەیجەرەوە ئەنجامی داوە، دووپاتکردەوە، هەروەها دڵنیای کردنەوە، "کۆمەڵگەی نیشتمانی و نێودەوڵەتی سەبارەت بە رێزگرتن لە یەکپارچەیی و ئەخلاقی دەسەڵاتە لابراوەکان بەپێی بنەماکانی مافەکانی مرۆڤ".

هەروەها لە راگەیەندراوی سەربازی کودەتاکەدا ئاماژە بە هەڵپەساردنی هەموو ئەو دامەزراوانە کراوە کە لە کۆماری نەیجەرەوە سەرچاوە دەگرن. ئەمینداری گشتی وەزارەتەکان بەرپرسیار دەبن لە بەڕێوەبردنی کاروبارەکان، هێزەکانی بەرگری و ئەمنی ئیدارەی دۆخەکە دەکەن، داواش لە هەموو هاوبەشە دەرەکییەکان دەکرێت دەستوەردان نەکەن.

هەروەها یەکێتی ئەفریقا هەوڵی کودەتای لە نەیجەر ئیدانە کرد و داوای لە بەرپرسانی ئەو وڵاتە کرد کە دەستبەجێ ئەم کارە قبوڵنەکراوە رابگرن. لە کاتێکدا کۆمەڵگەی ئابووری دەوڵەتانی رۆژئاوای ئەفریقا داوای ئازادکردنی دەستبەجێی محەمەد بازوم سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەفریقای کرد.

ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا رایگەیاند، "واشنتن داوای دەستبەجێ ئازادکردنی، سەرۆکی نەیجەر دەکات"، داوای لە هاوڵاتیانی ئەمەریکی کرد خۆیان لە ناوچە گرژەکانی نەیجەر بەدوور بگرن.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە راگەیەندراوێکدا پشتڕاستی کردەوە کە بلینکن، رۆژی چوارشەممە، لەگەڵ سەرۆک بازوم قسەی کردووە و پاڵپشتی ئەمەریکای بۆ ئەو و بۆ دیموکراسی لە نەیجەر دووپاتکردووەتەوە، ئەمەژەی بەوەشکردووە، کە یارمەتییەکانی ئەمەریکا بۆ نەیجەر پەیوەستە بە پاراستنی دیموکراسی.

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا جەختی کردەوە: ئەمەریکا لەگەڵ گەلی نەیجیر، وەستاوە بۆ ئیدانەکردنی ئەم هەوڵە بۆ دەستبەسەرداگرتنی دەسەڵات بە زۆر و رووخاندنی سیستەمی دەستووری.

جەیک سولیڤان، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی کۆشکی سپی لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاندووە، "بە توندی ئیدانەی هەر هەوڵێک دەکەین بۆ دەستگیرکردن یان رێگریکردن لە کارەکانی حکومەتی هەڵبژێردراوی دیموکراسی لە نەیجەر کە لەلایەن سەرۆک بازومەوە بەڕێوەدەبرێت".

ئەو وڵاتە کە دەکەوێتە ناوچەی ساحلەوە، لەدوای سەربەخۆیی لە فەرەنسا لە ساڵی 1960، چوار کودەتا و چەندین هەوڵی دیکە بۆ دەستبەسەرداگرتنی دەسەڵاتی بەخۆیەوە بینیوە.

محەمەد بازوم، سەرۆککۆماری نەیجەر
محەمەد بازوم، سەرۆککۆماری نەیجەر
Fly Erbil Advertisment