زیاتر لە پێنج هەزار هاووڵاتی سلێمانی بەهۆی بەناوکردنی کۆمپانیای وەهمییەوە لە بەغدا رووبەڕووی کێشەی یاسایی بوونەتەوە
K24 - سلێمانی:
لە سلێمانی زیاتر لە پێنج هەزار هاووڵاتی بەهۆی بەکارهێنانی ناو و زانیارییان لە چەندین کۆمپانیا و بەناوکردنی پشکەکانیانەوە لە بەغدا، رووبەڕووی کێشە بوونەتەوە و بەشەخۆراکی مانگانەیان بڕدراوە.
رۆژی پێنجشەممە (27ـی تەمموزی 2023)، ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق ئاشکرایکرد، پێنج هەزار هاووڵاتی لە سلێمانییەوە براونهته بهغدا و یهكی 200 دۆلاریان پێدراوهو دهیان بهڵگهنامهیان پێ پهنجهمۆركراون و له ژمارهیهك بانك بریکارنامەیان پێكراوه تاكو كۆمپانیایان بهناوەوە دروستبكرێت یاخود پشكی کۆمپانیاکانیان بهناوەوە بێت.
سۆران عومەر، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئەو پێنج هەزار هاووڵاتییە ئێستا رووبەڕووی کێشەی زۆر بوونەتەوە و لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانی عێراقەوە فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ دەرچووە و بەشەخۆراکی مانگانەیان بڕدراوە بەهۆی ئەوەی سەرمایەکی زۆریان بەناوەوە هەیە بەبێ ئەوەی خۆیان ئاگاداربن.
هاوکات بەشێک لەو هاووڵاتییانە لە یەک خێزانن و بەشێکیان خوشک و بران و بەشێکیان دایک و کوڕن و پێشتر بۆ ئەو مەبەستە بەرامبەر برێک پارە کە 200 دۆلارە براونەتە بەغدا بەبێ ئەوەی بەدواداچوون بکەن دەیان بەڵگەنامەیان پەنجەمۆر کردووە و بریکارنامەیان بە سەدان پارێزەر داوە کە هەموو مامەڵەیەکیان بەناوەوە ئەنجام بدات.
بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، ئەو کۆمپانیایانەی بەناوی ئەو هاووڵاتییانەوە کراوە بەناوی کڕینی کاڵاوە، دۆلاریان کڕیوە و بردوویانەتە دەرەوەی عێراق کە ئەمەش وایکردووە رێژەیەکی زۆر باجیان لەسەر کۆببێتەوە و بەشێکیان بەو هۆیەوە ئێستا فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ دەچووە.
هەروەها یەکێکی دیکە لە کێشەکانی ئەو هاووڵاتییانە، تۆمارکردنی کۆمپانیای وەهمییە بەناویانەوە، لە کۆنفرانسە رۆژنامەوانییەکەیدا پەرلەمانتارەکەی عێراق باسی لەوەشکردبوو، ئەو کۆمپانیا وەهمیانەی کە دامەزراون کاریان بە کڕین و فرۆشتنی دراوەوە کردووە و دۆلار وەردەگرن لە بانکەکان و بەناوی کڕینی کاڵاوە بەبێ ئەوەی هێنانی کاڵا بوونی هەبێت، لە کاتێکدا ئێستا رێژەیەکی زۆر لە باج چووەتە سەر ئەو کۆمپانیایانە و دەبێت ئەو هاووڵاتییانە بیدەن کە کراوە بەناویانەوە.
لە ناوەڕۆکی ئەو دۆسیەیەدا ئاماژە بەوەشکراوە، کوڕ و دایکێک شەش کۆمپانیایان بەناوەوە کراوە لە بەرامبەر وەرگرتنی 200 دۆلار بۆ هەر کەسێکیان، لە کاتێکدا یەک ملیار پشکیان هەیە و هەر پشکێکیشیان بە یەک ملیۆن دینار فرۆشراوە کەچی ئەو هاووڵاتییانە ئاگادارنین لەو کۆمپانیایانەی بەناویانەوە کراوەتەوە.