ئاگادارییەک لە وەزارەتی پەروەردەوە بۆ قوتابییانی پۆلی 12

وەزارەتی پەروەردە
وەزارەتی پەروەردە

K24 – هەولێر:

وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، رایگەیاند، داوا لە قوتابییانی پۆلی 12 دەکات رۆژێک پێش ئەنجامدانی تاقیکردنەوەکانی خولی دووەم، سەردانی هۆڵەکانیان بکەن بۆ دڵنیابوونەوە لە شوێن و ناوەکانیان.

ئەمڕۆ (28ـی تەمموزی 2023)، لە رایگەیاندراوێکدا، وەزارەتی پەروەردە رایگەیاند، "ئاگادارى  سەرجەم قوتابیان و قۆناغى  12ـى ئامادەیى  بە هەموو بەشەکانییەوە دەکەینەوە، لە رێگەى ئەم لینکەوە  بەپێى پارێزگاکان دەتوانن شوێن و هۆڵى  تاقیکردنەوەکانی خولی دووەم بزانن".

هەروەها، لە راگەیاندراوەکەی وەزارەتی پەروەردە ئاماژە بەوەشکراوە. "داوا لە قوتابییان دەکەین رۆژێک پێش  ئەنجامدانى یەکەم تاقیکردنەوە کە لە رێککەوتى (6ـی ئابی2023) کاتژمێر 7:30ـی بەیانی ئەنجامدەدرێت، پێویستە قوتابیان سەردانى هۆڵەکانیان بکەن بۆ دڵنیابوون لە شوێن و ناوەکانیان بۆ ئەنجامدانى تاقیکردنەوەکانی خولی دووەم".

رۆژی (3ـی حوزەیرانی 2023)،لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا، وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەنجامی تاقیکردنەوە گشتییەکانی پۆلی 12ـی ئامادەیی بە گشت لقەکانییەوە راگەیاند و ناوی یەکەم و دووەم و سێیەمەکانی سەر ئاستی هەرێمی کوردستانیش ئاشکراکرا.

لە سەرەتای کۆنفرانسە رۆژنامەوانییەکەدا، ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان سوپاسی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد کە هاوشێوەی ساڵانی پێشوو، ئەمساڵیش پشتگیری دارایی 745 قوتابی شنگالی کردووە بۆ ئەوەی بتوانن لە دهۆک بەشداری تاقیکردنەوە گشتییەکان بکەن.

هاوکات ئالان حەمە سەعید، سوپاسی دەزگا پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد، کە هاوکاربوونە لە بەڕێوەچوونی تاقیکردنەوەکان بەشێوەیەکی سەرکەوتووانە، بەتایبەتی لە دابینکردنی ئاسایش بۆ هۆڵەکانی خوێندن و رێگریکردن لەو باندانەی هانی قوتابییانیان دەدا لە سۆشیال میدیا بۆ گزیکردن لە تاقیکردنەوەکان.