بەهۆی دابەزینی ئاوی ژێرزەوییەوە هۆشداری لە ژەهراوی بوونی بەرهەمی سەوزە دەدرێت

K24 – هەولێر:
شارەزایەکی ژینگەیی لەبارەی دابەزینی ئاستی ئاوی ژێرزەویی و گرتنەوەی سەرچاوەکانی ئاوی سەرزەوی لەلایەن وڵاتانی دراوسێی هەرێمی کوردستان و عێراقەوە، کاریگەری نەرێنی لەسەر پێکهاتەی خاک و لایەنی ژینگەیی دروستکردووە و ئەمەش مەترسییە بۆ ژەهراوی بوونی بەرهەمی سەوزە.
لەلایەن خۆیەوە، دکتۆر بەختیار عەبدوڵڵا، مامۆستای زانکۆ و شارەزای ژینگەیی بە کوردستان24ـی راگەیاند، لە دەرئەنجامی ئەو توێژینەوە زانستییانەی لەسەر کاریگەرییەکانی کەمبوونی ئاوی ژێرزەوی لەسەر خاک ئەنجامدراوەم دەرکەوتووە کاریگەری نەرێنی لەسەر لایەنی ژینگەیی دروستکردووە، کە ئەمەش مەترسی بۆسەر تەندروستی گشتی کۆمەڵگە دەبێت لەرێگەی بەرهەمهێنانی سەوزەوە کە خۆراکێکی سەرەکی و رۆژانەی سەر سفرەی هاووڵاتییانە.
دکتۆر بەختیار عەبدوڵڵا ئاماژەی بەوەشکرد، بەگوێرەی ئەو توێژینەوانەی لەماوەی ئەم دوو ساڵە لە گۆڤارە زانستییەکان بڵاوکراونەتەوە بەتایبەتی لە سنووری پارێزگای هەولێر، دەرکەوتووە کاریگەرییەکانی کەمبوونی ئاوی ژێرزەوی وایکردووە رێژەیەکی زۆر لە کانزاکانی کادیۆم، زەرنیخ، قورقوشم و کرۆم لە خاکدا کەڵەکە بووە، کە ئەم ماددانەش هۆکارێکی راستەوخۆن بۆ تووشبوون بە نەخۆشییەکانی شێرپەنجە و خوێن و جگەر.
ئەو شارەزای ژینگەییە روونیکردەوە، مەترسییەکان بۆ سەر تەندروستی خەڵک لەوکاتەدایە، کە راستەوخۆ ئەو ماددە کانزاییانە لە رێگەی خواردنی سەوزەکانەوە دەبێت وەکو (سڵق، تور، جەرجیر و سەوزەکانی دیکە) کە لە ژەمی خواردنی رۆژانەدا زۆرترین بەکارهێنانیان هەیە لەلایەن هاووڵاتییانەوە و لەسەر ئەو خاکە دەڕوێن کە ئەو ماددە کانزاییانە لە پێکهاتەکانیاندا بەرێژەیەکی زۆر لە ئاستی ئاسایی بەرزترە.
هەروەها دکتۆر بەختیار عەبدوڵڵا باسی لەوەشکرد، لەگەڵ کەمبوونی ئاستی ئاوی ژێرزەوی، هۆکاری دیکەش هەن بۆ دروستکردنی کاریگەرییە نەرێنییەکانی ژینگە لەسەر خاک، ئەویش بوونی کارگەکانی پیشەسازی قورس و پاڵاوگە بچووک و نافەرمییەکان کە پابەندنابن بە رێنماییە ژینگەییەکان و لەگەڵ نزیکی ئاوەڕۆی سەرەکی شارەکان لە نزیک ئەو ناوچانەی کێڵگەی تایبەتن بە چاندن و بەرهەمهێنانی سەوزە، بەتایبەتی لە شاری هەولێر کە ئەمەش کاریگەری پێکهاتەی خاک و بەرهەمەکانی سەوزەکان دروستدەکات.
لەبارەی چارەسەرکردنی و کەمکردنەوەی کاریگەری نەرێنی ئەو گۆڕانکارییە لەسەر تەندروستیی هاووڵاتییان، دکتۆر بەختیار عەبدوڵڵا رایگەیاند، پێویستە جەخت لەسەر جێبەجێکردنی رێنمایی و رێکارەکانی پاراستنی ژینگە لە بواری پاراستنی خاک و ئاووهەوا و چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ پاشماوەن بکرێتەوە، هەروەها پەلەبکرێت لەسەر دانانی سیستمی چارەسەرکردنی ئاوی قورس بەتایبەتی لە شاری هەولێر کە چڕی دانیشتووانەکەی تادێت فراوانتر دەبێت. لەگەڵ ئەوەشدا، دەبێت چاودێریکردنی ئەو شوێنانەی ئاوی ئاوەڕۆکان بەکاردەهێنن بۆ ئاودانی بەرهەمەکانی سەوزە، توندتر بکرێت و قەدەغە بکرێت.
بەهۆی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەواوە، پاشماوەکان بە مەترسییەکی زۆر لەسەر ژینگەی هەرێمی کوردستان و ناوچەکە بەگشتی دادەنرێت، کە بە گوێرەی ئامارەکانی شارەوانی هەولێر، رۆژانە نزیکەی 650 ئۆتۆمبێلی تایبەت بە کۆکردنەوەی زبڵ و خاشاک، لە سنووری شارەوانییەکانی ناو شاری هەولێر و دەوروبەری کە 15 شارەوانییە، کە رۆژانە زیاتر لە دوو هەزار تۆن پاشماوە کۆدەکەنەوە و لە شوێنی تایبەت لە نزیک کانی قرژاڵە لە باکووری رۆژئاوای هەولێر لەژێر خاک دەکرێن.
پێشتریش وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاندبوو، لەسەر رووبەری نزیکەی 300 دۆنم لە شاری هەولێر کار لەسەر ژێرخاککردنی پاشماوەکان دەکرێت و هەوڵەکانیش بەردەوامە بۆ ئەوەی لە داهاتوویەکی نزیکدا، گەورەترین کارگەی ریسایکلینکردنی پاشماوەکان دەستبەکارکردن بکات.