عێراق سێ سەنتەری چاکسازی بۆ ئاڵوودەبووانی ماددە هۆشبەرەکان کردووەتەوە

نەخۆشخانەی ئاڵوودەبوانی ماددە هۆشبەرەکان
نەخۆشخانەی ئاڵوودەبوانی ماددە هۆشبەرەکان

K24 - هەولێر

عێراق کە سنوورەکانی لەگەڵ ئێران، سووریا و سعوودیە بووەتە رێڕەوێک بۆ بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان، بەڵام لەم ساڵانەی دواییدا بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان زیاتر بووە، لەکاتێکدا حکومەت بەدوای چارەسەر دەگەڕێت بۆ ئەو دۆخەی توشی بووە، بەتایبەتی لە رێگەی چارەسەرکردنی ئالوودەبووانەوە.

لە مانگی نیسانی ئەمساڵ لەلایەن وەزارەتی تەندروستی عێراقەوە نەخۆشخانەیەکی چاکسازی بۆ ئالوودەبووان کرایەوە، لە ئێستادا پێشوازی لە نزیکەی 40 نەخۆش دەکات کە خۆیان هاتوونەتە سەنتەری نەخۆشخانەکە بۆ چاکسازی کۆمەڵایەتی.

ئەو نەخۆشخانەیە بەشێکی تایبەت بە خانمانیش لەخۆدەگرێت، ئەو کەسە مانگێک یان دوو یان سێ مانگ بەسەر دەبات، بەپێی بارودۆخی خۆی، لە هەمان کاتدا نەخۆشەکان لە رێگەی دانیشتنی تاکەکەسی رۆژانە یان دانیشتنی گروپی هەفتانە پشتیوانی دەروونی وەردەگرن.

دوای دەرچوونیان لە کلینیکەکە، نەخۆشەکان هەفتانە بۆ ماوەی شەش مانگ سەردانی نەخوۆشخانەکە دەکەن.

بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکە، عەبد ئەلکەریم سدیق کەریم دەڵێت، کلینیکەکە "هەموو تەمەنێک وەردەگرێت، لە تەمەنی 14 بۆ 15 ساڵیەوە دەستپێدەکات، بەڵام زۆربەیان لە تەمەنی بیست ساڵیدان".

ئاماژەی بەوەشکردووە، "باوترین جۆری دەرمان بریتییە لە کریستاڵ، چونکە لە یەکەم ژەمی دەرمانەوە دەبێتە هۆی ئالوودەبوون".

لای خۆیەوە عەلی عەبدوڵڵا، یاریدەدەری کارگێڕی سەنتەرەکە پێی وایە کە خراپ بەکارهێنان "بەڵایەکە کە بۆ هەمیشە خەڵک لەناو دەبات"، ڕوونیدەکاتەوە کە بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان لە عێراق لە دوای ساڵی 2016پەرەی سەندووە.

ئێستا هێزە ئەمنییەکانی عێراق رۆژانە هەڵکوتانە سەر و دەستگیرکردنەکانی پەیوەست بە ماددە هۆشبەرەکان رادەگەیەنن.

حسێن ئەلتەمیمی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی ماددە هۆشبەرەکان و ماددە دەروونییەکان بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاندووە، لە نێوان مانگەکانی تشرینی یەکەم و حوزەیرانی 2023، 10 هەزار کەس بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە تاوانی ماددە هۆشبەرەکانەوە دەستگیرکراون، لەوانە بازرگانی کردن پێیەوە، گواستنەوە، قاچاخچی، پەرەپێدان و خراپ بەکارهێنان".

هەروەها لە هەمان ماوەدا دەست بەسەر 10 ملیۆن حەبی کاپتاگۆن و 500 کیلۆ ماددەی هۆشبەردا گیراوە کە بە لایەنی کەمەوە 385 کیلۆگرام کریستاڵە، بەپێی ئەو ئامارانەی کە بەرپرسانی بەڕێوەبەرایەتی کاروباری ماددە هۆشبەرەکان ئاشکرایان کردووە.

 

حکومەتی عێراق لە ئێستادا، سێ سەنتەری چاکسازی لە پارێزگاکانی ئەنبار و کەرکوک و نەجەف کردووەتەوە، بۆ پێشوازیکردن لە ئالوودەبووە دەستگیرکراوەکان.

باوترین دەرمان لە عێراق بریتییە لە میسامفیتامین یان کریستاڵ کە بە گشتی لە ئەفغانستان یان ئێرانەوە دێت، هەروەها کاپتاگۆنیش جۆرێکە لە جۆری ئەمفیتامین کە لەسەر ئاستی پیشەسازی لە سووریا بەرهەم دەهێنرێت، هەروەها عێراق و بازاڕەکانی وڵاتانی کەنداو بەتایبەتی سعوودیە بووەتە بازاڕی سەرەکی بەکارهێنانی ئەم ماددە هۆشبەرانە.