بۆ یەکەم جار لە دوای کودەتا سەربازییەکەوە سەرۆکی دەسبەسەرکراوی نەیجەر دەرکەوت

بازوم و دێبی لە نیامی
بازوم و دێبی لە نیامی

K24 - هەولێر

محەممەد ئیدریس دێبی، سەرۆککۆماری چاد چاوی بە محەممەد بازوم، سەرۆکی دەستگیرکراوی نەیجەر کەوت، ئەمش دوای ئەوەی رۆژی یەکشەممە گەیشتە نیامی پایتەختی نەیجەر، لە چوارچێوەی نێوەندگیری بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکانی ئەو وڵاتە.

بەرپرسێکی نەیجەر پشتڕاستی کردەوە، کە دێبی کار لەسەر نێوەندگیری دەکات بۆ ئازادکردنی بازوم و گەڕانەوەی بۆ پۆستەکەی، ئەمەش دوای کۆبوونەوەی بەپەلەی کۆمەڵگەی ئابووری "ئیکواس" کە لە نەیجیریا بەڕێوەچوو، هەروەها سەرۆکی "چاد"یش بەشداریی لە کۆبوونەوەکەدا کردبوو.

لە میانی لوتکەی بەپەلەدا، سەرکردەکانی ئیکواس داوای گەڕاندنەوەی تەواوی دەستوورییان کرد و هەڕەشەیان کرد کە ئەگەر ئەوە روونەدات ڕێوشوێنی تۆڵەسەندنەوە دەگرنەبەر.

لە راگەیەندراوی کۆتایی لوتکەکەدا هاتووە، "ئەو رێوشوێنانە رەنگە بەکارهێنانی هێز لەخۆ بگرێت"، ئاماژەی بەوەشکردووە، بەرپرسانی بەرگری دەستبەجێ بۆ ئەم مەبەستە کۆدەبنەوە.

عەزیز محەمەد ساڵح، گوتەبێژی حکومەتی چاد رایگەیاند، فەرەنسا لەگەڵ ئیکواس کاردەکات، بەڵام سەرۆکی چاد دووپاتیکردەوە کە هیچ ئەرکێکی تایبەتی لە کۆمەڵگەی ئابووریی وڵاتانی رۆژئاوای ئەفریقا نییە.

لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ "سکای نیوز عەرەبی"، ئەنتینیکار ئەلحەسەن، راوێژکاری سەرۆکی نەیجەر رایگەیاند، "کاتێک وڵاتانی ئیکواس هەڕەشەی بەکارهێنانی هێز لە دژی نەیجەر دەکەن، ئەوە گاڵتە ناکەن".

ئەلحەسەن گوتیشی، "هیوامان ئەوە نییە دەستپێشخەرییەکانی چارەسەرکردنی قەیرانەکە ببنە هۆی شکست، ئەگەر دەستپێشخەرییەکان شکستیان هێنا، ئەمە مانای ئەوەیە کە ئیکواس گاڵتە ناکات، کاتێک دەڵێت رەنگە دەستوەردانی سەربازی بکات، ئایا ئەمە خزمەت بە بەرژەوەندیی خەڵکی نەیجەر دەکات؟ پێویستە بەرژەوەندی گەل زاڵ بێت.

جەختیشی لەوە کردەوە، "ئەگەر دەستپێشخەرییەکانی دانوستاندن شکست بهێنن، ئەوا بەدیلەکەی دەستێوەردانی سەربازی دەبێت، هەروەها نەیجەرییەکان رووبەڕووی کێشە دەبنەوە، ئێمە لە ژێر گەمارۆدا دەبین و گەشتکردنمان رەتدەکرێتەوە، دۆخەکە خراپ دەبێت".

ئەلحەسەن لە درێژەی قسەکانیدا گوتیشی: ئەگەر ئەم سەرکردە سەربازیانە ئامادەبن بۆ نەیجەر بمرن، محەمەد بازومیش ئامادەیە، بۆیە دەبێت دانوستان قبوڵ بکەن، ئەمە تاکە چارەسەرە.

ئێوارەی رۆژی چوارشەممەی رابردوو، سوپای نەیجەر رایگەیاند، رژێمی محەممەد بازوم، سەرۆککۆماری نەیجەریان رووخاندووە، ئەوەش دوای چەند کاتژمێرێک لە دەستبەسەرکردنی بازوم لە کۆشکی سەرۆکایەتی هات.

عەقید مەیجور ئەمادۆ عەبدولرەحمان لەگەڵ نۆ سەربازی دیکەی رایگەیاند: "ئێمە هێزی بەرگری و ئاسایش کە لە ئەنجومەنی نیشتمانی بۆ پاراستنی نیشتمان کۆبووینەوە، بڕیارمانداوە کۆتایی بەو سیستەمە بهێنین".

 

Fly Erbil Advertisment