کریملن دەنگۆیەک سەبارەت بە دانوستان لەگەڵ ئۆکرانیا رەتدەکاتەوە

دیمتری پیسکۆڤ، گوتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتی رووسیا
دیمتری پیسکۆڤ، گوتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتی رووسیا

K24 - هەولێر:

دیمیتری پیسکۆڤ، گوتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتی رووسیا رایگەیاند، دەنگۆی گفتوگۆی رووسیا و ئۆکرانیا لە ئێستادا هیچ بنەمایەکیان نییە.

گوتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتی رووسیا (کریملن) راشیگەیاند، ئۆکرانیا لە هێرشەکانی دژی رووسیا سەرکەوتوو نەبووە و دەیان کەرەستەی سەربازی ناتۆی لەناوبردووە.

هۆشداریشیدا، رێکاری توند و پێویست دژی هێرشەکانی ئۆکرانیا بۆسەر مۆسکۆ دەگرنەبەر.

سەبارەت بە لوتکەی سعوودیە بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی ئۆکرانیا کە بڕیارە هەفتەی داهاتوو بەڕێوەبچێت، پیسکۆڤ ئاماژەی بەوەدا، چاودێری راسپاردە و کارەکانی لوتکەکە دەکەن.

ئەم لێدوانەی گوتەبێژی کریملن لەکاتێکدایە کە دوێنێ، لەرێگەی سێ درۆنەوە هێرشکرایە سەر مۆسکۆی پایتەختی رووسیا و بەهۆیەوە باڵەخانەیەکی ئەو شارە زیانی پێگەیشت.

ئۆکرانیا و رووسیا پەنایان بۆ ستراتیژێکی نوێی جەنگی بردووە ئەویش بۆردومانکردنی قوڵای خاکی یەکترە لەرێگەی درۆنەکانەوە.

لەو بارەیەوە ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا رایگەیاند، لەمەودوا هێرشەکانیان دەبەنە قوڵای خاکی رووسیا و هێماکانی ئەو وڵاتە دەکەن ئامانج.

هەرچەندە حکومەتی ئەمەریکا لەماوەی رابردوودا باسی لەوەکردووە، کە هانی ئۆکرانیا نادەن، هێرش بکاتە سەر خاکی رووسیا، بەڵام سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا دەڵێت، بەبێ هاوکاری ئەمەریکا و ناتۆ ئۆکرانیا ناتوانێت هێرشی درۆنی بکاتەسەر خاکی رووسیا.

لە 24ـی شوباتی 2022 سوپای رووسیا بە فەرمانی ڤلادیمێر پوتن لەشکرکێشی بۆ سەر خاکی ئۆکرانیا دەستپێدەکەن و لەوکاتەوە تا ئێستا، شەڕ و پێکدادان لەنێوان هێزەکانی ئەو دوو وڵاتە بەردەوامە.

لە شەڕی نێوان رووسیا و ئۆکرانیا، جگە لە برینداربوون و کوژرانی هەزاران سەرباز و هاووڵاتی مەدەنی، ملیۆنان هاووڵاتی ئۆکرانی ئاوارەی وڵاتانی ئەوروپا و ناوچەکانی دیکە بوون.