ئەمه‌ریکا داوای جێبەجێکردنی رێککەوتنی شنگال دەکات

شنگال
شنگال

K24 - هەولێر

ماتیو میللەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمه‌ریکا له‌ كۆنفرانسێكی رۆژنامه‌وانی رایگەیاند، ئەمه‌ریکا تەواو پابەندە بە پشتیوانیکردنی ئێزدی و پێکهاتەکانی دیکەی عێراق، کە لەلایەن داعشەوە رووبەڕووی وێرانکاربوونەتەوە.

جەختیش دەکاتەوە، جێبەجێکردنی رێککەوتنی شنگال دەبێتە هۆی بەهێزترکردنی سەروەری عێراق.

میللەر، هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: "ئەمه‌ریکا تەواو پابەندە بە پشتیوانیکردنی ئێزدی و پێکهاتەکانی دیکەی عێراق، کە لەلایەن داعشەوە رووبەڕووی وێرانکاری بوونەتەوە و لە نزیکەوە لەگەڵ حکومەتی عێراق کاردەکەین و پشتیوانییان دەکەین لە داواکردنی دادپەروەری و بە بەرپرسیار دانانی لایەنەکان".

گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا سەبارەت بە رێککەوتنی 2020ـی شنگال گوتی: "کەمتەرخەمی لە جێبەجێکردن و دروستکرنی کۆسپی سیاسی لەبەردەم رێککەوتنی شنگال قەبوڵکراو نییە. بەرەوپێشوەچوونی پڕمانا بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنی شنگال هەنگاوێکی گرنگە بۆ بەهێزکرنی سەروەری عێراق. باڵیۆزی ئەمه‌ریکا لە بەغدا، پەیوەندی بە بەرپرسانی بەغدا و هەولێرەوە کردووە و داوای لێکردوون هەرچی زووە، کۆسپە سیاسییەکانی بەردەم رێککەوتنی شنگال تێبپەڕێنن لە رێگەی کارکردن لەگەڵ کۆمەڵگەی شنگال و سەرکردە ئێزدییەکان بۆ دانانی قایمقامێک بۆ شنگال".

قەزای شنگال یەکێکە لەو شوێنانەی کە داعش لە سێی ئابی 2014 هێرشیان کردە سەر ناوچەکە و ژمارەیەکی زۆر خەڵکیان کوشت و هەندێکیش تا ئێستا بێسەروشوێنن و کەسوکارەکانیشیان لە ئێستادا لە کەمپەکانی پارێزگای دهۆک ژیان بەسەر دەبەن و بەهۆی بوونی چەکدارانی پەکەکە و حەشدی شەعبی و نەبوونی ئاسایش و سەقامگیریی و خزمەتگوزاری لەناوچەکە، ناتوانن بگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان.

رۆژی 9ـی ئۆکتۆبەری 2020، رێككەوتنی شنگال لە نێوان حكومەتی عێراق و حكومەتی هەرێمی كوردستان بە چاودێری مستەفا كازمی، سەرۆكوەزیرانی عێراق پێشووی عێراق لە شاری بەغدا واژووكرا، کە خۆی لە شەش خاڵی سەرەکی دەیبینێتەوە، ئەوانیش:

1. هەڵبژاردنی قایمقامی نوێ.

2. حكومەتی فیدراڵی ئیدارەی پرسی ئەمنی دەكات.

3. دامەزراندنی 2500 كەس لە خەڵكی شنگال و ئاوارەكانی و دروستكردنی هێزێكی نوێ.

4. كۆتاییهێنان بە پەكەكە و هەموو ئەو گرووپانەی پەیوەندیان پێوەیەتی.

5. هیچ كەسێكی سەر بە پەكەكە نابێت لەو هێزە ئەمنییە نوێیە دابمەزرێت.

6. هەولێر و بەغدا هەماهەنگی بۆ ئاوەدانكردنەوەی شنگال و ئیدارەكردنی بكەن.