بۆچی لەم هاوینە ریاڵ مەدرید تاوەکو ئێستا ئامادە نییە ئۆفەر پێشکەشی پاریس بکات؟

ریاڵ مەدرید پلانێکی تایبەتی بۆ گواستنەوەی کیلیان ئێمباپێ داناوە و دەیەوێت تاوەکو دوایین ساتەکانی بازاڕی گواستنەوەی هاوینەی یاریزانان چاوەڕێ بکات.
رادیۆی مارکای ئیسپانی ئاشکرایکردووە، ریاڵ مەدرید پلانێکی تۆکمە و نهێنی بۆ گواستنەوەی کیلیان ئێمباپێ داناوە، دەیەوێت تاوەکو دوایین رۆژەکانی بازاڕی گواستنەوەی ئەم هاوینە چاوەڕێ بکات، ئینجا ئۆفەرەکەی خۆی پێشکەشی پاریس سانجێرمان بکات، بۆ ئەوەی یانە فەرەنسییەکە دەرفەتی نەبێت هەوڵی زیادکردنی نرخی هێرشبەرە فەرەنسییەکە بدات.
پێشتر کیلیان ئێمباپێ بەفەرمی رایگەیاند هاوینی داهاتوو لە پاریس سانجێرمان دەڕوات و گرێبەستەکەی نوێ ناکاتەوە، کە تاوەکو رۆژی سێشەممە بەگوێرەی بەندێکی گرێبەستەکەی ئێمباپێ دەیتوانی گرێبەستەکەی نوێبکاتەوە.
بەرپرسانی ریاڵ مەدرید لەبەر ئەوەی پێیانوایە پاریس سانجێرمان ئەم هاوینە هەر چۆنێک بێت ئێمباپێ دەفرۆشێت و ئامادە نییە هاوینی داهاتوو بە گرێبەستێکی ئازاد بەخۆڕایی دەستبەرداری ئێمباپێ بێت، بۆیە تاوەکو ئێستا یانە مەدریدییەکە هیچ ئۆفەرێکی پێشکەشی پاریس نەکردووە و دەیەوێت تاوەکو کۆتایی ئەم مانگە چاوەڕێ بکات کە رۆژی 31ـی ئەم مانگە دەرگای گواستنەوەی یاریزانان لە ئیسپانیا دادەخرێت.
ریاڵ مەدرید هاوینی رابردوو دوو ئۆفەری پێشکەشی پاریس سانجێرمان کرد بۆ ئەوەی ئێمباپێ بگوازێتەوە ریزەکانی بەڵام یانە فەرەنسییەکە هەردوو ئۆفەرەکەی رەتکردەوە، بۆیە فلۆرێنتینۆ پێرێز نایەوێت هەمان هەڵەی هاوینی رابردوو دووبارە بکاتەوە، نایەوێت رێگا بە ناسر خلێفی بدات یاریی لەگەڵ بکات و نرخی ئێمباپێ لەسەر یانە مەدریدییەکە بەرز بکاتەوە کە ئێستا لە بۆرسەی یاریزانان نرخی هێرشبەرە فەرەنسییەکە 180 ملیۆن یۆرۆیە.