تۆمەتبارێکی دزی سەدە لە ئوردنەوە هێنرایەوە عێراق

بەشێك لە پارەی (دزی سەدە)
بەشێك لە پارەی (دزی سەدە)

K24 - هەولێر:

دەستەی دەستپاکیی عێراق رایگەیاند، کەسێکیان لە ئوردنەوە گەڕاندەوە عێراق کە دەستی هەبووە لە دزینی سێ ترلیۆن دینار لە پارەی باج کە بە (دزی سەدە) ناسراوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 3ی ئابی 2023، دەستەی دەستپاکی عێراق بڵاویکردەوە، تۆمەتبارەکە بازرگان بووە و لەژێر چاودێری و سەرپەرشتیی راستەوخۆی سەرۆکوەزیرانی عێراقدا لە هێزە ئوردنییەکان وەرگیراوە و هێنراوەتەوە عێراق.

ئاماژە بەوەشدراوە، ئەو تۆمەتبارە لەگەڵ کەسێکی دیکەدا دەستی هەبووە لە دزینی سێ ترلیۆن دینار لە رێی پێشکەشکردنی ئاسانکاری بۆ چەندین کۆمپانیای ساختەی بیانی.

سەبارەت گەڕاندنەوەی پارە دزراوەکان، دەستەی دەستپاکی عێراق ئاشکرایکرد، لەرێگەی کردنەوەی دوو هەژمار لە بانکی رافیدەین، پارەکە بە دیناری و دۆلاری ئەمەریکی دەگەڕێندرێتەوە.

راشیگەیاند، دادگای لێکۆڵینەوەی دووەمی کەرخ زیاتر لە یەک فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ تۆمەتبارەکە دەرکردووە بەهۆی تۆمەتی دزینی پارەی باج و خۆناساندن وەک بەرپرسێکی دەوڵەت، ئەمەش بە پشتبەستن بە بڕگەکانی ماددەی (444/11) لە یاسای سزادانی عێراقی.

لە ئۆکتۆبەری 2022، دوای ئه‌وه‌ی بانكی رافیده‌ین دزینی سێ ترلیۆن و 700 ملیار دیناری له‌ هه‌ژماری ده‌سته‌ی گشتی باج پشتڕاست كرده‌وه‌، دادگای کەرخ لە بەغدا فه‌رمانی ده‌ستگیریكردنی بۆ تۆمه‌تبارانی ئه‌و كه‌یسه‌ ده‌ركرد.

ئا: کاوار ساڵح