راگەیاندنی وزەی ئەمەریکا: عێراق پێنجەم هەناردەکاری نەوتە بۆ ئەمەریکا

K24 - هەولێر
بڕی هەناردەی نەوتی عێراق بۆ ئەمەریکا لە ماوەی مانگی تەمموزدا نزیکەی حەفت ملیۆن بەرمیل بووە، بەمەش پلەی پێنجەمی هەیە لەنێو هەناردەکاران بۆ ئەو وڵاتە.
ئیدارەی راگەیاندنی وزەی ئەمەریکا رایگەیاند، "بڕی هەناردەی نەوتی خاوی عێراق بۆ ئەمەریکا لە ماوەی مانگی تەمموزدا شەش ملیۆن و 975 هەزار بەرمیل بووە، بە تێکڕا 225 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا، کە بەراورد بە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ، کەمیکردووە، چونکە هەناردەی نەوتی عێراق بۆ ئەمەریکا 7.5 ملیۆن بەرمیل بووە و بە تێکڕا 250 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا.
ئیدارەی راگەیاندنی وزەی ئەمەریکا ئاماژەی بەوەشکرد، "عێراق لە ماوەی هەفتەی یەکەمی مانگی تەمموزدا بە تێکڕا 134 هەزار بەرمیل نەوتی خاو هەناردەی ئەمەریکا کردووە، هاوکات لە هەفتەی دووەمدا بە تێکڕا 259 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا هەناردە کراوە، هەروەها لە هەفتەی سێیەمدا بە تێکڕا 273 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا هەناردە کراوە، هەروەها هەناردەی هەفتەی چوارەم بە تێکڕا 235 هەزار بەرمیل بووە لە رۆژێکدا.
دەشڵێت: "عێراق لە پلەی پێنجەمی هەناردەکردنی نەوت بۆ ئەمەریکا دێت لە ماوەی مانگی رابردوودا دوای هەریەکێک لە، کەنەدا، مەکسیک، سعوودیە و کۆڵۆمبیا، هەروەها لە پلەی دووەمی جیهانی عەرەبیدا لە دوای سعوودیەوە دێت.