وه‌زيرێكى توركيا: تا ئێستا هاوپه‌يمانه‌ ئه‌وروپاييه‌كان سه‌ردانێكيشيان نه‌كردووين

K24 – هه‌ولێر:

وه‌زيرێكى توركيا ره‌شبينانه‌ باسى دۆسته‌ ئه‌وروپاييه‌كانى ئه‌نقه‌ره‌ ده‌كات و ده‌ڵێت ته‌نانه‌ت سه‌ردانێكيشيان نه‌كردووين.

شه‌وى 15ى ته‌مموز/ يۆليۆى 2016، ژماره‌يه‌ك له‌ فه‌رمانده‌كانى هێزى ده‌ريايى و ئاسمانى توركيا كوده‌تايه‌كى شكستخواردوويان له‌ دژى سه‌رۆك كۆمار ره‌جه‌ب ته‌يب ئه‌ردۆغان و حكومه‌تى بن عه‌لى يه‌ڵدرم ئه‌نجامدا.

وه‌زيرى كاروبارى يه‌كێتى ئه‌وروپا عومه‌ر چيليك رايگه‌ياند، ئێمه‌ تووشى سه‌رسوڕمان بووينه‌، تا ئێستا دۆست و هاوپه‌يمانه‌ ئه‌وروپاييه‌كانمان ته‌نانه‌ت سه‌ردانێكيشيان نه‌كردووين.

ئه‌و وه‌زيره‌ى توركيا گوتيشى: په‌يمانى باكوورى ئه‌تڵه‌سى پێويستى به‌ هاوكارى له‌گه‌ڵ توركيا هه‌يه‌ وه‌ك ئاماژه‌يه‌ك بۆ ململانێى ئه‌وروپا له‌گه‌ڵ رێكخراوى داعش.

دواى كوده‌تاكه‌ى توركيا ژماره‌يه‌ك له‌ به‌رپرسانى ئه‌وروپايى پشتيوانى خۆيان بۆ سيستمى ديموكراتى له‌ توركيا ده‌ربڕيوه‌، به‌ڵام نيگه‌رانى خۆيان له‌ هه‌وڵه‌كانى پاكتاوكردنى نه‌يارانى حكومه‌تى پارتى دادوگه‌شه‌پێدانى ئيسلامى نه‌شاردووه‌ته‌وه‌.