شاندێکی ئەمەریکا بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ کودەتاچییەکان سەردانی نەیجەریان کرد

K24 - هەولێر
یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا رایگەیاند، لەگەڵ سەرکردە سەربازییەکان لە نەیجەر کۆبووەتەوە بەبێ ئەوەی هیچ پێشکەوتنێکی دەستبەجێی هەبێت لەسەر کۆتاییهێنان بە کودەتاکە.
ڤیکتۆریا نولاند، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە نیامی پایتەختی نەیجەرەوە بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، بۆ ماوەی زیاتر لە دوو کاتژمێر لەگەڵ سەرکردە باڵا سەربازییەکانی ئەو وڵاتە کۆبووەتەوە.
نولاند ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەم گفتوگۆیانە زۆر راشکاوانە و هەندێکجار قورس بوون"، گوتیشی: "ئەمە یەکەم گفتوگۆ بوو کە ئەمەریکا هەوڵی دا بۆ گەراندنەوەی محەممەد بازوم، سەرۆکی لەکارلادراوی نەیجەر بەڵام بێ سوود بووە.
دەشڵێت: چاوی بە جەنەڕاڵ موسا سالۆ پارمۆ کەوتووە کە وەک سەرۆکی نوێی ئەرکانی سوپای نەیجەر دەستنیشانکراوە و فەرماندەکانی دیکەشیان ناسیوە، ئاشکراشی کردووە، ئەو گرووپە سەربازییە وەڵامی داواکارییەکەی نەداوەتەوە بۆ دیداری فەرماندەکەیان، جەنەڕاڵ عەبدولڕەحمان تیانی و چاوپێکەوتن لەگەڵ محەممەد بازوم، سەرۆکی دەستبەسەرکراو، گوتیشی، بەرپرسانی ئەمەریکا تەنها لە رێگەی تەلەفۆنەوە پەیوەندییان بە بازوومەوە کردووە.
یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا راشیگەیاند، کۆمەڵێک بژاردەی پێشکەش کردووە بۆ کۆتاییهێنان بە کودەتاکە، چونکە دەرئەنجامەکانی بۆ پەیوەندییەکان لەگەڵ ئەمەریکا بۆ روونکردوونەتەوە.
نولاند ئاماژەی بەوەدا کە کودەتاچیەکان لە نەیجەر زۆر بە باشی ئاگاداری ئەو مەترسیانەن کە کاتێک ڤاگنەر بانگهێشت دەکەن، ئەوە مەترسی لەسەر سەروەری خۆیان دروست دەکەن بۆ وڵاتەکە.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، ماتیۆ میلەر، پێشتر رایگەیاندبوو، ئەمەریکا هێشتا لە پەیوەندیدایە لەگەڵ سەرۆکی نەیجەر، هەروەها لە پەیوەندی راستەوخۆدایە لەگەڵ سەرکردەکانی سوپا بۆ ئەوەی داوای لێبکەن دەست لە دەسەڵات بکێشنەوە.
بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز، میلەر رایگەیاندووە، بەهۆی کودەتای سەربازییەوە، بەرنامەکانی هاوکاری ئەمەریکا بۆ حکومەتی نەیجەر بۆ ماوەیەکی کاتی راگیراون.
میلەر بەهای هاوکارییەکانی بە زیاتر لە 100 ملیۆن دۆلار خەمڵاندووە، هەروەها گوتی هاوکارییەکانی پەرەپێدان و ئەمنی لە پەیوەندی لەگەڵ جێبەجێکردنی یاسادا لەخۆدەگرێت.