وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق: 100 ئاوارەی ئێزدی گه‌ڕانه‌وه‌ شنگال

K24 – هەولێر:

وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق گەڕانەوەی 100 ئاوارەی ئێزدی بۆ شنگال راگەیاند.

ئیڤان فایەق، وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق رایگەیاند، 100 ئاوارەی ئێزدی لە کەمپەکانی دهۆکەوە گەڕانەوە ناوچەکانیان لە شنگال.

گوتیشی، بە هەماهەنگی لەگەڵ لەگەڵ رێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ، زیاتر لە 1000 ئاوارە لە دهۆک گەڕێندراونەتەوە پارێزگای موسڵ و کارکردنیش بۆ ئەو مەبەستە بەردەوامە.

وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق ئاماژەی بەوەشکرد، وەزارەته‌كه‌ی ئامادەیە بۆ هەموو جۆرە ئاسانکارییەک لە پێناو گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ ناوچەکانیان و پێشکەشکردنی هاوکاریی مرۆیی.

پێشتریش عه‌لی عه‌باس به‌ڕێوه‌به‌ری فه‌رمانگه‌ی به‌شه‌كان له‌ وه‌زاره‌تی كۆچ و كۆچبه‌رانی عێراق رایگه‌یاندبوو، له‌هه‌رێمی كوردستان 26 كه‌مپی ئاواره‌كان هه‌ن و 16ـیان له‌ دهۆك، شه‌ش كه‌مپ له‌هه‌ولێر و چواریش له‌ سلێمانییه‌.

ئه‌و به‌ڕێوه‌به‌ره‌ روونیكرده‌وه‌، 36 هه‌زار خێزان له‌و كه‌مپانه‌ ده‌ژین، كه‌ زۆربه‌یان ئاواره‌ی شنگال، نه‌ینه‌وا، ئه‌نبار، دیاله‌ و سه‌لاحه‌ددینن.

پێشتریش رێبه‌ر ئه‌حمه‌د وه‌زیری ناوخۆی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، رایگه‌یاند، حكومه‌تی عێراق له‌ پێشكه‌شكردنی هاوكاری به‌ ئاواره‌ و په‌نابه‌ران وه‌كو پێویست ئه‌ركی خۆی جێبه‌جێ ناكات.

وەزیری ناوخۆ ئاماژەی بەوەشدابوو، لە سەدا 50ـی ئەو پەنابەرانەی هاتوونەتە هەرێمی کوردستان، لە پارێزگای هەولێر نیشتەجێن، گوتیشی: بەداخەوە بارودۆخ هێشتا ئاسایی نەبووەتەوە و رێكکارەکان وەک پێویست نیین، بۆئەوەی پەنابەران لە هەرێمی کوردستان، ئارەزوومەندانە بگەڕێنەوە ناوچەکانی خۆیان.

رێبەر ئەحمەد داواشی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵه‌تی کرد، ئەرکی هاوکاریکردنی پەنابەران بۆ حکومەت و خەڵکی هەرێمی کوردستان جێنەهێڵن.

وەزیری ناوخۆ دووپاتیشیكردبووه‌وه‌، وه‌زاره‌تی كۆچ و كۆچبه‌رانی عێراق زۆر نابه‌رپرسانه‌ مامه‌ڵە له‌گه‌ڵ ئاواره‌ و په‌نابه‌ران له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌كات.