یەکێتی بەڵێندەرانی کوردستان سێیەمین کۆنگرەی خۆی دەبەستێت

K24 - هەولێر
سەرۆکی لیژنەی ئامادەکاری کۆنفڕانس و کۆنگرەی یەکێتی بەڵێندەرانی کوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ هەڵبژاردنی ئەندامانی دەستەی کارگێڕی یەکێتی بەڵێندەرانی کوردستان لقی هەولێر بەڕێوە دەچێت و 17 کەس خۆیان کاندید کردووە.
رزگار دزەیی، سەرۆکی لیژنەی ئامادەکاری کۆنفڕانس و کۆنگرەی سێیەمی یەکێتی بەڵێندەرانی کوردستان، لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا گوتی: بەگوێرەی پەیرەو و پرۆگرام خاوەن کۆمپانیا و بەڕێوەبەری رێپێدراوی کۆمپانیاکان مافی دەنگدانیان لەکۆنفرانسەکەدا هەیە.
ئاماژەی بەوەشکرد، بۆ تەواوبوونی نیسابی یاسایی پێویستە لە 51% ژمارەی دەنگدەران ئامادەبێت، دەشڵێت: بەخۆشحاڵیەوە ژمارەیەکی زۆری دەنگدەر لەم کۆنفرانسە ئامادەیە.
راشیگەیاند، ئەمڕۆ چوارشەممە، دەستەی کارگێری نوێی یەکێتی بەڵێندەرانی کوردستان لقی هەولێر، هەڵدەبژێردرێت، هەروەها 17 کەس خۆی بۆ ئەندامانی کارگێری یەکێتی بەڵێندەرانی کوردستان لقی هەولێر کاندید کردووە، گوتیشی: بەگوێرەی پەیرەو و پرۆگرام لەکۆی ئەو 17 کەسە، نۆ کەسیان بۆ دەستەی کارگێڕی هەڵدەبژێردرێن، هەروەها دوو ئەندامی یەدەگیش دەبێت، هەروەها نۆ ئەندامەکەش بەیانی یان دوو بەیانی کۆبوونەوەی خۆیان ئەنجام دەدەن.
جەختی کردەوە، لەماوەی سێ هەفتەدا هەموو لقەکانی دیکەش کۆنفرانسەکانیان تەواو دەکەن، دواتر ئێمە ئامادەکاری دەکەین بۆ بەستنی کۆنگرەی گشتی یەکێتی بەڵێندەرانی کوردستان لە شاری هەولێر.