سەرکردەکانی ئیکواس گفتوگۆ لەسەر دەستوەردانی سەربازی لە نەیجەر دەکەن

K24 - هەولێر
هەفتەی داهاتوو سەرۆکی ئەرکانی کۆمەڵگەی ئابووری وڵاتانی رۆژئاوای ئەفریقا "ئیکواس" کۆبوونەوەیەک لە ئەکرای پایتەختی غانا ئەنجام دەدەن و تاوتوێی بژاردەکانی دەستێوەردانی سەربازی لە نەیجەر دەکەن.
ئەم کۆبوونەوەیە چەند رۆژێک دوای کۆبوونەوەی لوتکەی "ئیکواس" دێت لە ئەبوجا، کە داوای بڵاوەپێکردنی هێزی یەدەگی خۆی بۆ گەڕاندنەوەی، محەمەد بازوم سەرۆکی نەیجەریان بۆ دەسەڵات کرد، دوای ئەوەی لە 26ی تەمموزدا بە کودەتایەکی سەربازی دەسەڵاتەکەی رووخێنرا.
رۆژی هەینی، رووسیا هۆشداریدا لەوەی هەر دەستوەردانێکی سەربازی لە نەیجەر دەبێتە هۆی ناسەقامگیری لە ناوچەکە، هەروەها وەزارەتی دەرەوەش رایگەیاند، ئێمە پێمان وایە کە چارەسەری سەربازی بۆ قەیرانی نەیجەر دەتوانێت ببێتە هۆی رووبەڕووبوونەوەیەکی درێژخایەن لەم وڵاتە و هەروەها ناسەقامگیری تەواوی ناوچەکە دەگرێتەوە.
کۆمیساری باڵای مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڤۆڵکەر تورک، نیگەرانی خۆی سەبارەت بە بارودۆخی نامرۆڤانەی دەستبەسەرکردنی بازوم دەربڕی، بەپێی راپۆرتەکان، هۆشداریدا لە هەر پێشێلکارییەکی مافەکانی مرۆڤ.
تورک گوتیشی: "من زۆر نیگەرانم لە دەستبەسەرکردنی محەمەد بازوم، سەرۆکی نەیجەر لەگەڵ هاوسەر و کوڕەکەی"، ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەر ئیکواس دەستوەردانی سەربازی لە نەیجەر بکات، ترسەکان لە سەلامەتی بازوم زیاتر دەبن.