کودەتاچییەکانی نەیجەر: محەممەد بازووم بەتۆمەتی خیانەت دادگایی دەکرێت

K24 - هەولێر
سەرکردەکانی کودەتا سەربازییەکەی نەیجەر ئێوارەی رۆژی یەکشەممە نیازی خۆیان بۆ دادگاییکردنی محەمەد بازوم، سەرۆککۆماری دوورخراوەی نەیجەر بە تۆمەتی خیانەتی گەورە و تێکدانی ئاسایشی وڵاتەکەیان راگەیاند.
لە راگەیەندراوێکدا کە لە تەلەفزیۆنی فەرمی نەیجەر خوێندراوەیەوە و لەلایەن ئاژانسی فرانس پرێسەوە بڵاوکراوەتەوە، ئامادۆ عەبدولرەحمان، ئەندامی ئەنجومەنی سەربازی کودەتاکە رایگەیاندووە، "حکومەتی نەیجەر تا ئەمڕۆ، بەڵگەی کۆکردووەتەوە بۆ دادگاییکردنی سەرۆکی لەکارلادراو و هاوبەشەکانی، لەبەردەم دەزگای نیشتمانی و نێودەوڵەتییەکان، بە تۆمەتی خیانەتی گەورە و تێکدانی ئاسایشی ناوخۆی نەیجەر.
ئێوارەی رۆژی یەکشەممە سوپای نەیجەر، "گەمارۆکانی لە لایەن کۆمەڵگەی ئابووری وڵاتانی رۆژئاوای ئەفریقا "ئیکۆواس" ئیدانە کرد.
لە راگەیەندراوەکەدا، ئامادۆ عەبدوڵڕەحمان رایگەیاند، "بەهۆی گەماڕۆ نامرۆڤانەکەی ئیکۆواسەوە، کاریگەری لەسەر گەلی نەیجەر درووست بووە، چونکە ئەو سزایانەی ئیکۆواس بووەتە هۆی بێبەشکردنی وڵات لە دەرمان و خۆراک و پێداویستی کارەبا".
هاوکارێکی نزیکی سەرۆکی نەیجەر کە لە دوای کودەتاکەوە لە 26ی تەمووزدا لە نیامی دەستبەسەرە، راپۆرتێکی بڵاوکردەوە، کە رۆژی شەممە پزیشکەکەی سەردانی بازومی کردووە بەمەبەستی رەوشی تەندروستی.
سەرکردەکانی کودەتاکە هەوڵە دیپلۆماسییەکانی پێشوویان رەتکردەوە، کە لەلایەن کۆمەڵگەی ئابووریی وڵاتانی رۆژئاوای ئەفریقا، ئیکۆواس و ئەمەریکا و وڵاتانی دیکەوە ئەنجامدرابوون.
پێشووتر نەتەوە یەکگرتووەکان داوای دەستبەجێ و بێ مەرجی ئازادکردنی محەمەد بازوم، سەرۆکی نەیجەر و گەڕاندنەوەی سیستەمی دەستووری لەم وڵاتەدا کردبوو، ئەمەش یەک رۆژ دوای کودەتاکەی 26ی تەمووز هات، کە کودەتای سەربازییان بەسەر بازوم دا لە نەیجەردا کرد و دەستگیریان کرد.