بانکی ناوەندی لوبنان هەموو سەروەت و سامانی پارێزگاری پێشووی بانکەکەی بلۆککرد
K24 - هەولێر
وەسیم مەنسووری، پارێزگاری بانکی ناوەندی لوبنان بە وەکالەت، بە پلەی سەرۆکی دەستەی لێکۆڵینەوەی تایبەت، هاتە هێڵی هەڵمەتی نێودەوڵەتی بۆ بلۆککردنی هەژماری بانکی سەرۆکی پێشووی بانکی ناوەندی لوبنان، ڕیاز سەلامە و ژمارەیەک لە کەسە نزیکەکانی لە لوبنان.
بەپێی ئەو فەرمانەی دەرچووە، دەسەڵات بە کۆی دەنگ بڕیاری بلۆککردنی سەرجەم ئەکاونتەکانی سەر بە هەریەک لە ڕیاز سەلامە و نادی کوڕی، هەروەها ڕەجا سەلامەی برای، ماریان هۆوایک، یاریدەدەر و بەڕێوەبەری جێبەجێکار داوە، ئانا کۆزاکۆڤا، هاوڕێ و دایکی کچەکەی، بۆ هەمیشە لەگەڵ هەموو بانک و دامەزراوە داراییەکان کە لە لوبنان کاردەکەن، بە مەرجێک ئەم بڕیارە حسابی یەکلاکردنەوەی مووچەی تێدا نەبێت.
دەستبەجێ سکرتێری گشتی دەستە، عەبدولحەفیز مەنسور، یاداشتێکی راپۆرتی بڕیار و لێپرسینەوە سەبارەت بە ژمێریارییەکان بڵاوکردەوە، کە بەپێی ئەو یاداشتە داوای لە سەرجەم بانکەکان کرد، لە ماوەی هەفتەیەکدا وردبینی بکەنەوە و دەسەڵات لە بەیاننامە و بەڵگەنامەکان سەبارەت بە هەر حسابێک ئاگادار بکەنەوە، یان ئەو کارانەی کە راستەوخۆ یان بە هاوبەشی پەیوەندییان بەو ناوانەی کە باسکراون هەیە.
ڕیاز سەلامە لە ساڵی 1993 تا 31ی تەمموزی ساڵی رابردوو، پۆستی پارێزگاری بانکی ناوەندی لوبنان بووە. لە فەرەنسا و ئەڵمانیا فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرچوو، دوای لێکۆڵینەوەکان لەوەی کە ئایا ئەو و براکەی لە ماوەی سەرۆکایەتیەکەیدا 330 ملیۆن دۆلاریان لە سامانی گشتی بانکەکە بردووە، هەروەها تۆمەتی گەندەڵی و تاوانی تری دارایی رووبەڕووی براکانی بوونەتەوە. براکانیشی ئەو تۆمەتانە رەتدەکەنەوە کە ئاراستەیان کراوە.
ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز بڵاویکردەوە، سەلامە ئەو تۆمەتانەی رەتدەکاتەوە کە لەلایەن ئەو سێ وڵاتەوە ئاراستەی کراوە، رایگەیاندووە، کە تەحەدای ئەو تۆمەتانە دەکات، ئاماژەی بەوەشکرد، دەسەڵاتداران پێشتر لە لێکۆڵینەوەکانی پێشوودا بەشێک لە سەروەت و سامانی ئەویان بلۆککردووە.
دەزگای یەکێتی ئەوروپا بۆ هاوکاری دادپەروەری تاوانکاری لە مانگی ئازاری 2022 بلۆککردنی سەروەت و سامانی لوبنانی بە بڕی 120 ملیۆن یۆرۆ لە فەرەنسا، ئەڵمانیا، لۆکسمبۆرگ، مۆناکۆ و بەلجیکا راگەیاند، کە لە دۆسیەیەکدا کە داواکاری گشتی لە میونشن رایانگەیاند کە سەلامە لەنێو تۆمەتبارەکاندایە.
هەروەها دەسەڵاتی دادوەری فەرەنسا، لە مانگی تەمموزدا رەزامەندی دەربڕی لەسەر گواستنەوەی سەروەت و سامانی بکۆککراوی سەلامە و هاوبەشەکانی بۆ وڵاتی لوبنان.